نەتەوەیەکگرتووەکان، بە چ شێوەیەک جینۆسایدی ئێزیدیەکانی بەفەرمی ناسی؟

0

نوچەنێت

بە پێچەوانەی زۆریەک لە کارەساتە مرۆییەکان، کە پرۆسەی دادپەروەری و بەدواداچوونی یاسایی و قەزایی چەندین ساڵی خایاندووە، کوشتاری ئێزیدیەکان بە مەودایەکی کەم لە دوای رووداوەکە، لە لایەن نەتەوەیەکگرتووەکانەوە وەک”جینۆساید”ناسێندراو. رەنگە ئەمە گرنگترین دەستکەوت بێت بۆ کۆمەڵگای کوردی ئێزیدی، کە دوو ساڵ بەر لە ئێستا،بە کارەساتبارترین شێوازی مومکین کرانە ئامانجی کوشتاری سیستماتیکی دەوڵەتی ئیسلامی داعش.

رۆژی ٣ی ئابی ٢٠١٤ داعش، کە لە مێژ نەبوو موسڵی داگیر کردبوو، بە هێڕش کردنە سەر ناوچە و شاری شنگال، کە شوێنی نیشتەجێبوونی سەدان هەزار کە س لە خەڵکی ئێزیدی بوو، پیاوەکانی ئەم شارەی بە کۆمەڵ لەناوبرد. پاشان منداڵەکانی لە بنەماڵەکانیان جیا کردەوە  ودوای دەستدرێژی کردنە سەر ژنانی ئێزیدی، بە دیلی گرتن، بە م جۆرە یەکێک لە کارەساتبارترین رووداوەکانی سەدەی ٢١ هاتە ناو مێژووەوە.

لە نۆڤەمبەری ٢٠١٥ ئەم شارە لە لایەن هێزی پێشمەرگەوە ئازاد کرایەوە. کۆمەڵێک کەسێک توانیان خۆیان لە ژێر دەستی داعش رزگار بکەن و شاهیدی بۆ کارەساتی شنگال بدەن. ژمارەیەک گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزرایەوە، کە ئاماژەیەکی قووڵ بوو بۆ کارەساتی پێڕەوانی ئەم کەمینە ئایینیەوە. سەرباری ئەوەی کەئامارێکی وردی قوربانیان لە بەردەستدا نییە، بەڵام دەگوترێ ئێستاش بە سەدان کەس لە ئێزیدیەکان لە دەستی داعشدان.

کۆمەڵکوژی، کۆیلایەتی سێکسی و جێگوڕکێی سیستماتیک

لە مانگی جونەی ئەمساڵ، کۆمیسیۆنی لێکۆڵینەوە نەتەوەیەکگرتووەکان بە راگەیاندنی ئەوەی، کە داعش لە دژی ئێزیدیەکانی عێراق  وسوریا کۆمەڵکوژی بەرێوەبردووە، لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەدا کە داعش بە ئامانجی لەناوبردنی ئەم کەمینە ئایینیە، دەستی داوەتە بێ رەحمانەترینی تاوانەکان بۆ وێنە کوشتار، ئەشکەنجە، کۆیلایەتی سێکسی.راپۆرتەکە هەروەها جەختی لەوە کردۆتەوە، کە ئامانجی داش”لەناوبردنی یەکجاری”ئێزیدیەکانە.

پێش لە نەتەوەیەکگرتووەکان، پەرلەمان، وەزارەتی دەرەوە  و، بەرپرسانی سیاسی ژمارەیەک لە وڵاتانی جیهان کۆمەڵکوژی ئێزیدیەکانیان لە عێراق پشتڕاست کردبووەوە، بەڵام راپۆرتی کۆمیسسیۆنی نەتەوەیەکگرتووەکان، باڵاترین مەرجەعی قانوونییە، کە تاوەکوو ئێستا کارەساتی شنگالی وەک جینۆساید ناوبردووە.

دەوڵەتی کەنەدا بە پێی ئەم راپۆرتە، کوشتاری بە کۆمەڵی ئێزیدیەکانی لە ساڵی ٢٠١٤ بە جینۆساید ناساند. پێشتر وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە مارسی ٢٠١٦ کوشتاری کەمینە ئایینیەکانی عێراق  وسوریای لە لایەن داعشەوە بە”تاوان لە دژی مرۆڤایەتی و پاکتاوکردنی رەگەزی”وەسف کردبوو.

لە دیسەمبەری ٢٠١٥زیاتر لە ٦٠ ئەندام پەرلەمانتاری بەریتانیا، داوایان لە سەرۆکوەزیرانی ئەم وڵاتە کرد، کە نەتەوەیەکگرتووەکان بخاتە ژیر گوشارەوە تا کوشتار  و ئەشکەنجەی کەمینە ئایینیەکانی سوریا و عێراق لە لایەن داعشەوە وەک”جینۆساید و تاوانی جەنگی”بناسێندرێت.

پشکۆ شەمسی، یەکێک لە توێژەرانی کۆمیسیۆنی لێکۆڵینەوە نەتەوەیەکگرتووەکان، کە لە نووسینی راپۆرتی مانگی ئاب بەشداری کردووە، دەڵێت: گروپی لێکۆڵینەوەکەمان لە رۆژی یەکەمی هێرشی داعش بۆ سەر شنگال چۆنیەتی کوشتاری بەکۆمەڵ، رەوتی بە دیل گرتنەکان و شێوەی گواستنەوەیانی بۆ سوریا خستبووە ژێر چآودێرییەوە. هەر لە سەرەتاوە کۆمەڵێک بەڵگەمان دەست کەوت کە نێشانی دەدا، کە ئەمە هێرشێکی ئاسایی لە چەشنی هێڕش بۆ سەر موسڵ یان پێشێلکارییەکی سادەی مافی مرۆڤ نییە.

شەمسی دەڵێت: بەرە بەرە زانیمان، کە داعش پیاوانی ئێزیدی بە شێوەی بەکۆمەڵ لەناو دەبات، منداڵەکان لە بنەماڵەکانیان جیا دەکاتەوە  ومنداڵانی کوڕ دوای ئەوەی کە ئایینەکەیان گۆڕی، رەوانەی شەڕ دەکرد، دەستدرێژی دەکاتە سەر ژنان و دوای گواستنەوەی سیستماتیکیان بۆ سوریا، وەک کۆیلەی سێکسی دەخستە بازاری کڕین و فرۆشتنەوە.

بە پێی کۆنوانسیۆنی نەتەوەیەکگرتووەکان، جینۆساید بە کۆمەڵێک تاوانی توندوتیژئامێز بە دژی نەتەوە، رەگەز، قەوم یان گروپیێی مەزهەبی دەگوترێ، کە نیاز و نییەتی لەناوبردنی یەکجاری یان بەشێکیان بەڕێوەدەچێت.

شەمسی لەم بارەوە روونکردنەوەی زیاتر دەدات و دەڵێت: جینۆساید بابەتێکی هەستیاری قانوونییە، ئێمە لێکۆڵینەوەکەنمان لە حەلەب و حەسەکە لە سوریا تا ناوجەکانی دیکەی عێراق درێژە پێدا. زانیمان کە داعش سیستمێکی دیاریکراوی دەستدرێژی سێکسی و کۆیلەداری دامەزراندووە.

ئەندامانی داعش بۆ کڕین و فرۆشتنی ژنانی ئێزیدی، پەیڕەوی کۆمەڵێک یاسا و رێوشوێنی پێناسەکراو دەکەن. ناوی ژنان تۆمار دەکرێت و لە رووی قانوونیەوە باری کەسێتی تایبەتیان دەبێ، ئەمەش لە بابەتی جینۆساید گەلێک گرنگە. تاوتوێ کردنی شنگال وەک پرس  وبابەتێکی جینۆساید لە کۆمیسیۆنی لێکۆڵینەوە نزیک بە ساڵێکی خایاند.

راپۆرتی نەتەوەیەکگرتووەکان،هەنگاوی یەکەم

جینۆساید، لە قانونی نێودەوڵەتی پرسێکی هەستیار و کێشە لەسەرە، وەک گەورەترین تاوان دەناسێندرێ، کە رەنگە لە دژی مرۆڤایەتی ئەنجام بدرێت. زۆریەک لە جینۆسایدەکان بۆ نموونە جینۆساید لە ساڵی ١٩٩٤ چەندین ساڵ دوای رووداوەکە لە دادگا نێودەوڵەتییەکان بەدواداچوونی بۆ کرا.

بە پێی کۆنوانسیۆنی پێشگرتن بە جینۆساید، بەدواداچوون بۆ ئەم تاوانە و هەروەها تاوان لە دژی مرۆڤایەتی شمولی تێپەڕی کات ناکات و رێکەوتی روودانی ئەم تاوانانە هیچ گۆڕانکارییەک لە سزا پێک ناهێنێت.

پێراگەیشتن و بەدواداچوون بۆ بەرپرسایەتی جینۆسایدەکانی مێژوو، دوای ئەوە دێت کە لە نەتەوەیەکگرتووەکان بە فەرمی ناسێندرا. بەردەوام لە هەنگاوی یەکەم  راپۆرتێک سەبارەت بە دۆخەکە ئامادە کراوە، ئێستا رەنگی لایەنی ئامادەکاری راپۆرتەکە بۆ نموونە، کەیسی شنگال راستەوخۆ خودی نەتەوەیەکگرتووەکان بێت یان دامەزراوەکانی داکۆکیکاری مافەکانی مرۆڤ  وکۆمیسیۆنە تایبەتەکانی نێودەوڵەتی.

بە گوتەی ئەم توێژەرەی نەتەوەیەکگرتووەکان، خستنەرووی داواکاری بۆ بەدواداچوونی جینۆسایدی ئێزیدیەکان لە لایەن دادگای لاهاوە بەستراوەتەوە بە تۆمارکردنی سکاڵا لە لایەن وڵاتانی سوریا  وعێراق، لە دژی داعش، بەڵام “رێککەوتنی رۆم”کە پایە و بنەمای کاری دادگای تاوانە نێودەوڵەتیەکانە تاوەکو ئێستا لە لایەن ئەم دوو وڵاتەوە واژۆنەکراوە. لە وەها هەلومەرجیکدا  لێژنە نیودەوڵەتیەکان یان وڵاتانی دیکە کە رێککەوتنەکەیان واژۆکردووە دەتوانن بە رێگای ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان سکاڵای خۆیان تۆمار بکەن.

کارەساتی شنگال لە کاتێکدا پێ دەنێتە سێهەمین ساڵی خۆی، کە زۆرێک لە ئێزیدیەکان، بە تایبەت ژنان لە ژێر دەستی داعشدان. لێکۆڵەرانی نەتەوەیەکگرتووەکان داوایان لە وڵاتانی زلهێزی جیهان کردووە تا لانی کەم بۆ رزگارردنی ٣٢٠٠ کەس لەم ژنانە هەوڵی زیاتر بدەن.

زۆریەک لە ئێزیدیەکان، کەس  وکار و ئەندامانی بنەماڵەکەیان لە دەست داوە.رەنگە لە ئیستادا گرنگترین داواکاری ئەوان هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان و ئاشکرابوون و ناسینی ناسنامەی قوربانیان بێت.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com