نوچە-ئیلنا
سەرۆککۆماری تورکیا، لە بەرەبەری سەردانەکەی بۆ مۆسکۆ جەخت لەوە دەکاتەوە کە چارەسەری قەیرانی سوریا بە بێ روسیا مومکین نییە.
بە گوێرەی ئاژانسی تاسی روسیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە سەروبەندی سەردانی بۆ روسیا رایگەیاندووە، کە چارەسەری قەیرانی سوریا بە بێ بەشداری و هاوکاری روسیا، ناگاتە ئەنجام .
ئەردۆغان لە وتووێژ لە گەڵ ئاژانسی هەواڵدەری تاس، هەروەها گوتویەتی: سەردانەکەم بۆ روسیا، سەردانێکی مێژوویی دەبێت. ئەردۆغان دڵنیاییش دەدات، کە گفتوگۆکانی لە گەڵ ڤێلادمیر پوتین، سەرۆککۆماری روسیا دەبێتە دەستپێکی وەرزێکی نوێی لە پەیوەندییەکانی نیوان هەردوو وڵاتدا .
ئەردۆغان سەبارەت بە پەیوەندیەکانی تورکیا و یەکێتی ئەوروپا گوتویەتی: یەکێتی ئەوروپا پابەندی ئەو بەڵێنانە نەبوو کە دابوویە تورکیا، ئەرۆغان هەروەها دەڵێت”یەکێتی ئەوروپا لە ماوەی ٥٣ ساڵی رابردوودا ئێمەیان فریو داوە، هەر چەند ئێمە نیاز پاکی خۆمان سەلماندووە و چاوەرێی وڵامی یەکێتی ئەوروپا دەکەین،هەر بۆیە دەبێ ئەم یەکێتییە سیاسەتی دووفاقەی خۆی وەلابنێ.
بڕیار وایە ئەردۆغان، رۆژی سێ شەممە بەرەو مۆسکۆ بەرێ بکەوێت و لە گەڵ پوتین کۆببێتەوە. پرسی سوریا تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکانی هەردوولا دەبێت.