نوچە-دەنگی ئەمریکا
زەید رەعد حسێن، کۆمیسێری باڵای مافەکانی مرۆڤ دەڵێت: لەسێدارەدانی بە کۆمەڵی سوننەکانی ئێران، ئەو پەڕی نادادپەروەرییە، چونکە تۆمەتەکان زۆر ناڕوون و گشتییە، وێڕای ئەوەی کە رەوتی یاسایی دادگایی کردیان لە بەرچاو نەگیراوە.
کۆمیسێری باڵای مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان، لە راگەیەندراوێکدا کە رۆژی هەینی،٥ ی ئاب بڵاوی کردۆتەوە جەختی لەوە کردۆتەوە، کە شەهرام ئەحمودی یەکێک لە لەسێدارەدراوەکان، ئازار و ئەشکەنجە دراوە و ناچار بووە کاغەزێک واژۆ بکات، کە کۆمەڵێک دانپێدانانی درۆیین و ناراستی تێدابووە.
زەید رەعد حسێن، هەروەها لە سێدارەدانی حەسەن ئەفشاری مەحکوم کردووە کە مانگی رابردوو لە سێدارە دراوە.ناوبرا بە تۆمەتی دەستدرێژی، لە تەمەنی ١٧ ساڵەیی وەک تاوانبار ناسێندرا و لە ١٩ ساڵەیی لە سێدارە درا.
وەزارەتی ئیتڵاعاتی کۆماری ئیسلامی، بە بێ ئەوەی ژمارەی لە سێدارەدراوەکان پشتڕاست یان بە درۆ بخاتەوە، لە راگەیێندراوێکدا گوتویەتی کە ١٠٢ کەس لە ئەندامانی گروپی تەوحید و جیهادی دەستگیری کردووە و، ژمارەیەکیان بڕیاری لە سێدارەدرانیان بۆ دەرکراوە.
رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەڵێن، لە بەیانی رۆژی سێ شەممەی رابردوو بە لانی کەمەوە ١٠ کەس لە سوننەکانی ئەم وڵاتە لە زیندانی رەجایی شاری کەرەج، لە سێدارەدراون.