نوچە-ئاژانسەکان
وەزیری دەرەوەی تورکیا، رۆژی هەینی جەختی لە دەستپێکردنەوەی وتووێژەکانی ئاشتی سوریا کردەوە و لەم پەیوەندیەدا خوازیاری بەڕێوەچوونی چوارەمین خولی وتووێژەکانە لە شاری جنێفی سویس.
بە گوێرەی رۆیتەرز، مەولود چاوش ئۆغڵو، لە وتووێژێکی تەلەفزیۆنی گوتویەتی، گەمارۆدرانی شاری حەلەب لە لایەن هێزەکانی سوپای سوریا، شەپۆلی نوێی پەنابەرانی بۆ وڵاتانی جیهان بەدواوە دەبێت.
وتووێژە نێودەوڵەتییەکان، بە میوانداری نەتەوەیەکگرتووەکان و بە ئامانجی گەیشتن بە چارەسەری سیاسی بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی ناوخۆی ئەم وڵاتە، رۆژی ٢٧ی ئەپریل، دوابەدوای توندتربوونەوەی شەڕ و پێکدادانەکان لە حەلەب راگیرا.
ئەم لێدوانەی چاوش ئۆغڵو لە کاتێکدایە، کە ستیفان دی مستۆرا، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری سوریا، بە مەبەستی خستنەوە گەڕی خولی نوێی وتووێژەکانی ئاشتی سوریا، رۆژی یەکشەممەی رابردوو سەردانی تارانی پایتەختی ئێرانی کرد.