نوچەنێت
لە رۆژانی رابردوو، لە تاران و لە ئاژانسی هەواڵنێری فارسی سوپای پاسدارانی ئێران، دانیشتنێک لە ژێر ناوی “هەڕەشە نوێیەکان لە دژی موسوڵمانان” بەرێوەچوو و تێدا ئەمریکا و سعودیە بەوە تاونبار کران، کە لە دژی ئێران “بیۆتیرۆریزم”یان بە کارهێناوە.
نادر تالب زادە، فیلمسازی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران، کە پێشتریش پڕۆپاگەندەی ئەنجامدانی تیرۆری بیۆلۆژی، لە لایەن سعودیەوە کردووە، یەکێک بووە لە گوتاربێژانی ئەم دانیشتنە. ناوبراو گوتوویەتی، ئاوی خواردنەوەی مەککە و مەدینە ئالودە بە ئارسینکە، بەڵام بەرپرسانی ئێرانی بە هۆی پیرۆزی ئەو شارانە، ئەم هەواڵەیان رانەگەیاندووە.
بە گوتەی تالب زادە، بۆ ماوەی 20 ساڵ دەبێ، کە لە رێوڕەسمی بەجێهێنانی فەریزەی حەج، ژمارەیەک لە زیارەتکاران نەخۆش دەکەون و کاتێکیش کە دەگەڕێنەوە ژمارەیەکی دیکە نەخۆش دەکەوێت، بەم پێیە تاقەت و حاڵەتی خواپەرەستی لە موسوڵمانان زەوت دەکەن.
تالب زادە هەروەها گوتوویەتی، ئەم پلانە لە لایەن پێنتاگۆن، وەزارەتی بەرگری ئەمریکا داڕێژراوە و بە پاڵپشتی ئیسرائیل و لە لایەن سعودیەوە بەڕێوەدەچێت.
عەلی کەرەمی، یەکێکی دیکە لە گوتاربێژانی ئەم کۆرە بووە، کە پڕوپاگەندەی ئەوەی کردووە، کە بە سەدان بەڵگەی لە بەردەستدایە و لە ئەنجامی پێداگری ناوبراو، سوپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعات هەستیان بە تیرۆری بیۆلۆژی کردووە، کە لایەنی جێبەجێکار وڵاتی سعودیەیە.
بە بۆچوونی کەرەمی، دوژمنان بە پیلانێکەوە خەریکن، کە ئامانجەکەی نەخۆش خستنی دیندارانی موسوڵمانە و دوا ئامانجیش دڵسارد کردنەوەی موسڵمانانە لە خواپەرەستی و بازدان بە سەر پیرۆزییەکانی ئایینی ئیسلامە.
نادر تالب زادە تەنناەت گوتوویەتی، لە میانەی سەردانێکی بۆ عێراق، لە لایەن ئاژانسی هەواڵگری ئەمریکاوە هەوڵی تیرۆری بیۆلۆژی ناوبراو دراوە، پڕوپاگەندەیەک کە عەلی کەرەمیش کردوویەتی.
لە ماوەی مانگەکانی رابردوودا، ژمارەیەک لە کەسایەتی و روخسارە ناسراوەکانی بناژۆخواز، بۆ نمونە تالب زادە و بیژەن نەوباوە، نوێنەری پەرلەمان لە خولی نۆیەم رایانگەیاندووە، کە کراونەتە ئامانجی تیرۆری بیۆلۆژی. میدیاکانی وەک ئاژانسی فارسی نزیک لە سوپای پاسداران و تەسنیم بانگەشەی ئەوەیان کردووە، کە تا ئێستا چەندین کەسایەتی ئێرانی کراونەتە ئامانجی ئەم تیرۆرانە.
لە ئەنجامدا عەلائەدین بروجێردی، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نەتەوەیی پەرلەمانی ئێران لە مانگی رابردوودا رایگەیاند، کە پرسی نیۆتیرۆریزم دەبەنە ئەنجومەنی باڵای ئاسایشێ نەتەوەیی ئەم وڵاتە.
عەلی شەمخانی، سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشێ نەتەوەیی ئێرانیش پشتڕاستی کردۆتەوە، کە بۆ ئەم مەبەستە لیژنەیەکیان پێکهێناوە، هاوکات جەختی لەوە کردۆتەوە، کە نابێ بە پەلە بڕیار بدەین،هەر چەند ناشکرایە ئەم جۆرە تیرۆرانە بە دوور بزانین.