نوچە-رادیۆ فەردا
رابەری کۆماری ئیسلامی ئێران، وێڕای دەربڕینی ناڕەزایی سەبارەت بە یەکجاری نەبوونی هەڵگرتنی گەمارۆکانی سەر ئێران، رایگەیاندووە : رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران و وڵاتانی زلهێزی جیهان لە ڤییەنا سەلماندی، کە وتووێژ لە گەڵ ئەمریکا ئەزمونێکی بێ ئەنجام بووە وجەختیشی لەوە کردۆتەوە، کە کێشە و ناکۆکییەکانی نێوان ئێران وئەمریکا بە رێگەی وتووێژ چارەسەر نابێت.
نە گوێرەی ئاژانسی دەنگ ورەنگی ئێران،عەلی خامەنەیی ئەمڕۆ دووشەممە،١٧ ئاب لە وتارێکدا گوتویەتی: رێککەوتنی ئەتۆمی نیشانی دا، کە وتووێژ لە گەڵ ئەمریکا هیچ ئەنجامێکی نییە و دەڵێت، ئەمریکا بێ بەڵێنە و بە هیچ شێوەیەک جێی متمانە نییە.
بە گوتەی رابەری کۆماری ئیسلامی ئێران، تیمی دانوستانکاری ئێران لە هەفتەکانی رابردوو هۆشداریان بە لایەنەکانی رۆژئاوایی داوە، کە پابەندی بەڵێنەکانیان نین و بەردەوام خەریک دروست کردنی بەربەستن.
چەند کاتژمێرێک پێش ئەم وتارەی عەلی خامەنەیی، سەرۆککۆماری ئێران جەختی لەوە کردبووەوە، کە ئەگەر گەمارۆکان گەورەیی ئێمەی بردە ژێر پرسیار، بەڵام رێککەوتنی ئەتۆمی بێ دەستکەوت نەبووە، ئەویش گەڕاندنەوەی شکۆ و گەورەیی بۆ ئێران بووە.
حەسەن روحانی چەندین جار جەختی لەوە کردۆتەوە، کە رێککەوتنی ئەتۆمی سێبەری نگریسی شەڕی لە سەر ئێران دوور خستۆتەوە و، سەرکەوتنی سیاسی و ئابوری بۆ ئەم وڵاتە بە دواوە بووە.