نوچەنێت-رادیۆ فەردا
ستێفان دی مستۆرا، نێردەی تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری سوریا ئەمڕۆ یەکشەممە، 31ی تەمووز گەیشتە تارانی پایتەختی ئێران.
بڕیار وایە دی مستۆرا لەم سەردانەی بۆ تاران، لە گەڵ محەمەد جەواد د زەریف، وەزیری دەرەوەی ئەم وڵاتە و حسێن جابر ئەنساری، جێگری کاروباریی بەشی عەرەبی و ئەفریقایی وەزارەتی دەرەوەی ئێران کۆببێتەوە.
لەمساڵدا ئەمە دووەمین جارە، کە دی مستۆرا سەردانی ئێران دەکات.
لە سەرەتای هەفتەی رابردوو، دی مستۆرا هیوای خواستبوو، کە بتوانێت زەمینە بۆ بەڕێوەچوونی وتووێژەکانی ئاشتی لە سوریا فەراهەم بکات.
دەوڵەتی روسیاش رایگەیاندووە، کە بەشار ئەسەدی سەرۆککۆماری ئەم وڵاتە ئامادەیە پێشنیارەکانی نوێنەری تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری سوریا تاوتوێ بکات.
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، دی مستۆرا داوای لە ئەمریکا و روسیا کرد، کە هاوکارییەکی زۆرتری کەمکردنەوە شەڕ و پێکدادانەکان لە سوریا بکەن.
ئێران و روسیا، پشتیوانی لە ئەسەد دەکەن و ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی رۆژئاوایی لایەنگری لە دژبەرانی ئەسەد دەکەن. لە سەرەتای شەڕی ناوخۆی سوریا تا ئێستا زیاتر لە 280 هەزار کەس لە خەڵکی ئەم وڵاتە گیانیان لە دەست داوە.