نوچەنێت
حەشدی شەعبی لە بەسرە، ئەم دواییانە شەقامیکیان بە ناوی ئایەتوڵا خومەینیەوە کرد. ناولێنانی شەقامێک بە ناوی رابەر و دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی ئێران، لە عێراق بابەتێکی تازە نییە. لە ئەپریلی ٢٠١٥ بەرپرسانی خۆجێی لە شاری نەجەف، شەقامێکی دیکەیان بە ناوی خومەینەوە کرد، بەڵام ئەم کارەی حەشدی شەعبی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کاردانەوە ومشتومڕی زۆری بەدواوە بوو، چونکە حەشدی شەعبی لە دەرەوەی رێوشوێنە ئیدارییەکان بەم کارە هەستا.
نادیدەگرتنی دەسەڵاتی جێ بەجێکارو بەرپرسانی خۆجێی لە لایەن حەشدی شەعبی و کاری هاوشێوەی لەم بابەتەی ئەم گروپە، باسی گەرمی ناو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بوو. ئەم پرسیارەی هێنایە ئاراوە، کە پاوانخوازی حەشدی شەعبی بۆ قۆرغکردنی دەسەڵات لەم وڵاتە، داهاتووەکەی بەرەو کوێ دەچێت؟
تاڵب عەبدولعەزیز، رۆژنامەنوسی خەڵکی بەسرە و ستار عواد، مامۆستای فەلسەفە لە زانکۆی”مستنصریە”ی بەغدا، لە وتووێژ لە گەڵ ئەلمانیتۆر، سەبارەت بە ئاسەوارە زیانبەخش ولایەنە نەرێنیەکانی زێدەڕەوی حەشدی شەعبی و، کاریگەرییەکانی لە سەر مافی هاوڵاتیانی عێراقی لە داهاتوودا، دەدوێن.
کریم النوری، گوتەبێژی حەشدی شەعبی بە ئەلمانیتۆری گوتووە، بە سەرنجدان بە بەرگری چەکدارەکانی حەشدی شەعبی لە عیراق، بەرامبەر بە داعش ، گەیتشنیان بە ئامانجی درێژماوەی سیاسی، خواست و ویستێکی رەوای ئەم گروپە هەژمار دەکرێت.
هەوڵەکانی ئەلمانیتۆر، بۆ بەدواداچوون بۆ ناولێنانی شەقامیک بە ناوی خومەینیەوە و پەیوەندی گرتن بە سەرۆکی شارەوانی بەسرە، بێ ئەنجام دەمینێتەوە. علاء العلی، بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی شارەوانی بەسرە لەم بارەوە گوتویەتی: ئێمە لەم بارەوە ناتوانین بە هیچ شێوەیەک ئەم کارەی حەشدی شەعبی رەت یان پشتڕاست بکەینەوە. سەرباری ئەمەش، تاوەکو ئێستا هیچ بەرپرس یان تەنانەت ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاکە لەم بارەو ەهیچ لێدوان یان هەڵوێستێکی فەرمییان نەداوە.
نوری کە رای خۆی دەربارەی گۆڕینی ناوی شەقامێک بۆ ئیمام خومەینی دەخاتە روو، ئامادەنەبوو بەرپرسیارێتی گۆڕی ناوی شەقامەکە لە لایەن حەشدی شەعبییەوە لە ئەستۆ بگرێت، بەڵام هاوکات ئامادەش نەبوو بیباتە ژێر پرسیارەوە.
پێدەچێت حەشدی شەعبی، لە هەوڵدابێت کە رۆژ لە دوای رۆژ هێز و ئایدیۆلۆژیای خۆی لە بەسرە و تێکڕای ناوچە شیعە نشینەکانی باشوری عێراق بسەپێنیت. تاڵب عەبدولعەزیز، شاعیر و رۆژنامەنوسی ناسراوی بەسرە لەم بارەو ەگوتویەتی: رێکخراوی حەشدی شەعبی زۆر جار کڕین و فڕۆشتنی مەشروبات و مۆدێلەکانی قژی قەدەغە کردووە. ئەم گروپە هەروەها ئاڵاکانی نەخشێندراو بە هێماکانی شیعەیی لە سەر بانی دامەزراوە فەرمیەکان هەڵواسیوە.
عەبدولعەزیز دەڵێت: زۆربەی خەڵک لە باسانەی کە پەیوەندییان بە حەشدی شەعییەوە هەیە خۆیان بە دوور دەگرن . ئەوەش دەخاتە روو کە ئێمە ناتوانین رای خۆمان راشکاوانە وبە بی ترس بخەینە روو، چونکە دۆخی ئەمنی وادەخوازێت.
مەترسی ئەوەش هەیە کە کەسانی رەخنەگر لە لایەن هیزەکانی حەشدی شعبییەوە هەڕەشەیان لێ بکرێت. عەبدولعەزیز لە درێژەدا دەڵێت: گۆڕینی ناوی شەقامەکان، بەربەست کردنی ئازادییەکان و پەرەدان بە هێماکانی رابەرانی ئێرانی، نموونەی هەژمون خوازی و فراوانخوازی حەشدی شەعبییە لە بەسرە. بەو هۆیەی کە چەکدارەکانی عەشدی شەعبی لە ژێر دەسەڵات و کۆنتڕۆڵی ئێراندان،ئ ەم نیگەرانییە هەیە کە باڵادەستبوونی ئەم گروپە وزیادبوونی هێزی سیاسی بە جۆرێک لە جۆرەکان سەروەری عێراق، بکاتە بابەتێکی ژێر دەست و هەیمەنەی ئێران.
عواد بە ئەلمانیتۆر دەڵێت: زۆربەی لقەکانی حەشدی شەعبی هیچ وەفاداری و ئیلتزامێکیان بە عێراقەوە نییە. عواد جەختیش دەکاتەوە کە حەشدی شەعبی لە ململانێ و رکابەرایتەی ناوچەیی ونێودەوڵەتی بەرژەوەندیەکانی ئێران، لە سەرووی بەرژەوەندیەکانی عێراق دادەنێن. بۆ نمونە، موجاهدینی خەڵکی ئیران ئەم هێزە بە هێرش کردنە سەر کەمپی لیبرتە تاوانبار دەکات، کە شوێنی نێشتە جێ بوونی ئەندامانی ئەم گروپەیە. عواد ئاماژە بەوەش دەدات، کە عێراق لەم جۆرە هێرشانە هیچ قازانج و سوودێکی بەرناکەوێ.
حەشدی شەعبی، شان بە شانی ئێران هەڵوێستێکی دوژمنکارانە لە دژی سعودیە وئەمریکا وەردەگرێت.ئەم دواییانە و لە میانەی رێورەسمی رۆژی قودسی ئەمساڵ،ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەم گروپە بێ رێزییان بە ئاڵای ئەمریکا ووێنەی شای سعودیە کرد. بەم حاڵەشەوە ، دوژمنایەتی لە گەڵ ئەمریکا لە نێوان ئەندامانی حەشدی شەعبی خاڵی جێی ناکۆکە. نوری لەم بارەوە دەڵێت: پێمان دروست نەبوو کە بێ رێزی بە ئاڵای ئەمریکا دەکرێت. بە پلەی یەکەم، ئەگەر ئەمریکا نەبوایە هیچ کەس نەیدەتوانی ئەم رێوڕەسمە بەرێوەببات. ئەم جۆرە رەفتاڕانە بۆ نەزانی، زێدەڕەوی و کەمتەرخەمی دەگەڕێتەوە.
میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، ویست و هۆگری خۆیان بۆ بەدەسەتەوەگرتنی دەسەڵات ناشارنەوە.ن وری دەڵێت: بە دروستی نازانین لە دوای ئەو هەموو شەڕ وپێکدادانانە، لە بنکەکەنمان بمینینەوە و چاوپۆشی لە لقی سیاسی بکەین. دەستوەردانی سسەربازی حەشدی شەعبی نابێتە بەربەست لە سەر رێی ئامانجە سیاسییەکان.
رەنگە هۆکارێکی پاوانخوازیەکانی حەشدی شەعبی، کەم بوونەوەی رەوایی سیاسیەکانی ئەم وڵاتە بێت، کە زۆرترگرێدراوی گەندەڵی وناکارامەیی دەوڵەتی عێراقە. ئەمەش توڕەیی و نارەزایی جەماوەری بەدواوە بووە، لە لایەکی دیکەشەوە بەشداری هێزەکانی حەشدی شەعبی لە شەڕی دژی داعش و گرتنەوەی شاری فەلوجە، لە قازانجی ئەم گروپە تەواو بووە. بۆ نموونە “عصائب اهل حق”یەکێ لە گروپەکانی نزیک لە حەشدی شەعبییە، کە بۆهاتنە ناوەوە بۆ مەیدانی سیاسەتی ئەم وڵاتە، حزبی پێکهێناوە. یان ئەوەی کە میلیشیاکان لە گەڵ حزبە سیاسیەکان ئێعتلافیان پیکهێنا، بەڵام دواجار بە هۆی فەتوایەکی عەلی سیستانی، گەورە مەرجەعی باڵای شیعەی عیراق، بۆ خرۆشان لە دژی داعش یان هەڵوەشانەوە یان تێکەڵ کران، سوپای چەکداری موقتەدا سەدر یەکێک لەم نمونانەیە.
هاتنی میلیشاکانی حەشدی شەعبی، بۆ ناو دەوڵەت و سیاسەتی ئەم وڵاتە، بۆتە مایەی نیگەرانی لایەنەکان. عواد لەم بارەوە بۆچوونی وایە، کە حەشدی شەعبی بە هێش شێوەیەک شیاوی ئیدارەکردنی ئەم وڵاتە نییە.زانیاری ئەوان تەنها تایبەتە بە شەڕ و جێبەجێکردننی شەریعەت، رێک بەو جۆرەی گروپە ئایینیەکانی ئێران پەیڕەوی دەکەن. وادێتە بەرچاو، کە حەشدی شەعبی لە گەڵ ئەو هێزە سیاسیانەی کە ئێستا لە دەسەڵاتدان، جیاوازییەکی ئەوتۆی نییە.