نوچەنێت
ئەمڕۆ لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یاسای قەدەغەكردنی حزبی بەعس و چالاكییە تیرۆرستییەكان پەسەند كرا.
ئەمڕۆ شەممە 30-07-2016، سەلیم جبوری بە ئامادبوونی 288 نوێنەر سەرۆكایەتی دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی كرد و تێیدا گفتوگۆ لە بارەی چەند یاسایەك كرا و دەنگی لە سەر درا.
لە بەیاننامەیەكدا، فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق رایگەیاندووە، پەرلەمانی عێراق لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا یاسای قەدەغەكردنی حزبی بەعسی پەسەند كرد.
بە پێی یاساكە، هەر كەسێك سیاسەتەكانی حزبی بەعس پەیڕەو بكات، بە 10 ساڵ زیندانیكردن سزا دەدرێت، ئەوانەشی تاوانیان لە نێو ئەو حزبە كردووە، بە زیندانیكردنی هەتاهەتایی سزادەدرێن.
هەروەها بە گوێرەی یاساكە، حزبی بەعس و هەر قەوارەیەكی دیكەی هەڵوەشاوە و حزبەكان و چالاكییەكانی رەگەزپەرستی و تیرۆر قەدەغەكراو دەبێت.
لە لایەکی دیکەوە حەیدەر عەبادی سەرۆكوەزیرانی عێراق رایگەیاندووە، قەدەخەكردنی حزبی بەعس سەركەوتنێكە بۆ گەل و بنەماڵەی شەهیدانی عێراق، چونكە ئەو حزبە لە كاتی دەسەڵاتدا قێزەونترین تاوانی ئەنجامداون.
هەروەها گوتوویەتی، تاوانەكانی ئەو حزبە بە هاوكاری لە گەڵ چەتە تیرۆرستییەكان، بەردەوامن و ژمارەیەكی زۆری قوربانیشیان لێكەوتووەتەوە.