یەکەمین رێککەوتنی سەربازی نێوان ئەمریکا و هەرێمی کوردستان

0

نوچەنێت

لە رووداوێکی گرنگ و مێژوویی، بۆ یەکەمین جار، لە 12ی تەمووزی 2016 رێککەوتننامەیەکی سەربازی لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆ کرا. لە لایەن ئەمریکاوە ئێلیسا سلۆتکین، جێگری وەزیری بەرگری ئەمریکا و لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، کەریم سنجاری وەزیری ناوخۆی ئەم هەرێمە بە ئامادەبوونی مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، رێککەوتنەکەیان واژۆ کرد.

بە پێی ئەم رێککەوتنە سەربازییە، ئەمریکا بەڵێندار دەبێت، کە بڕی 450 ملیۆن دۆلار یارمەتی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بکات، کە لە بەرەی شەڕی داعشدایە. بەشێکی گرنگ لەم یارمەتییە، توانابەخشینە بە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دانی موچەی هێزی پێشمەرگە. هەروەها بە پێی ئەم رێککەوتنە هەرێمی کوردستان بەلێندار دەبێت کە ژمارەی هێزەکانی خۆی لە بەرەکانی شەڕی دژی داعش زیات بکات.

مەسعود بارزانی، دوابەدوای واژۆکردنی رێککەوتنەکە، رۆڵی ئەمریکای لە خستن و لەناوبردنی رژێمی سەرەڕۆی سەدام حسێن و پشتیوانی سەربازی و دارایی ئەم وڵاتەی بۆ هێزی پێشمەرگە بەرزنرخاند و ئەم پشتیوانییەی ئەمریکای،‌ وەک فاکتەرێکی گرنگ لە سەرکەوتن بە سەر تیرۆرستیەکاندا وەسف کرد. بارزانی هەروەها هاوکاری و هەماهەنگی نێوان ئەمریکا وهێزەکانی پیشمەرگەی بە “ئایدیال” وەسف کرد، جێگری وەزیری بەرگری ئەمریکاش واژۆکردنی ئەم رێککەوتننامەی وەک هۆکارێک بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا  وهێزی پێشمەرگە وەسف کرد.

رێککەوتنەکە لە دژی داعشە یان بەغداد؟

بە رواڵەت  و بە وردبوونەوە لە م خاڵانەی رێککەوتننامەکە، وا دەردەکەوێت کە ئەم رێککەوتنە ئاراستەکەی زۆرتر یارمەتی کردنی دارایی و لۆجستیکی ئەمریکایە بۆ هێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان، تا یارمەتی کردن بە ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی پارێزگای نەینەوا کە موسڵ ناوەندەکەیەتی.

سەرباری ئەم ئامانجە، ئامادەنەبوونی هیچ یەک لە بەرپرسانی حکومی بەغدا، لە رێوڕەسمی واژۆکردنی رێککەوتنەکە، کۆمەڵێک پرسیاری ورووژاند ، بۆ نموونە پرسیارێکی سەرەکی ئەمەیە، کە ئایا ئەم رێککەوتنە بە ئاگاداری بەغداد واژۆکراوە یان نا؟ ئەگەر وەڵامی نا بە بنەما وەربگرین،ئەمە مانای پشتگوێ خستنی بەغدایە.

ئیبراهیم جەعفەری، وەزیری کاروباری دەرەوەی عێراق وێڕای پێناخۆشبوونی بۆ ئەم کردەوە جەسوورانەی هەولێر، لە وتووێژ لە گەڵ کەناڵی “الحرە”رایگەیاند، کە ئەم  رێککەوتنە بە بێ ئاگاداری حکومەتی ناوەندی واژۆ کراوە. جەعفەری لە هەڵوێستێکدا، ئەم هەنگاوەی بە خستنە ژێر پێی سەروەری نیشتمانی عێراق لێکدایەوە.

بەم پێێە، لە روانگەی حکومەتی ناوەندییەوە، ئەم رێککەوتنە نە تەنها بەهێزکردنی باری سەربازی حکومەتی هەرێمی کوردستانە لە دژی داعش، بەڵکو لاسەنگ کردنی باڵانسی هێزە، لە نێوان هەولێر و بەغدا. لەم سۆنگەوە  و لە تێڕوانینی بەغدا، ئەم رێککەوتنە بوار بۆ جیابوونەوەو پرسی سەربەخۆیی کوردستان  دڕەخسێنێت و وەک ئاسانکارییەکە بۆ ئەم بابەتە، رێک بەو شێوەی کە مەسعود بارزانی بە راشکاوانە باسی لێوە دەکات.

جێی وەبیر هێنانەوەیە، کە دوابەدوای سەرهەڵدانی ناکۆکی لە نێوان هەولێر و بەغدا، حکومەتی ناوەندی بە شێوەیەکی بەرچاو بەشە بودجەی هەرێمی کوردستانی بڕی.

ئەمە لە کاتێکدایە، کە گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، کە گەیشتن بەم رێککەوتنە دوو ساڵی خایاندووە و بڕیار نییە، هیچ بنەکەیەکی سەربازی چ لە لایەن ئەمریکا و چ لە لایەن وڵاتانی دیکەی هاوپەیمانێتی دژی تیرۆر لە هەرێمەکە دابمەزرێت.

لە لایەکی دیکەوە ماڵپەڕی ئافاق، لە زاری رێناس جانۆ محەمەد، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتوویەتی، بە پێی ئەم رێککەوتنە بڕیار وایە ئەمریکا، 5 بنکەی سەربازی لە هەڵەبجە، ئەتروش، هەولێر، دهۆک و شنگال بە مەبەستی راهێنان و مەشق پێکردنی سەربازی بە هێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان دابمەزرێنێت. ئەم ئەندامەی سەرکردایەتی پارتی دیموکرات، هەروەها گوتوویەتی، کە بە پێی رێککەوتنەکە، ئەمریکا موچەی پێشمەرگە بۆ ماوەی دە ساڵ دابین دەکات و چەک و چۆڵی پێشکەتوو رادەستی هەرێمی کوردستان دەکات.

ئەنجام:

رێککەوتنی سەربازی نێوان ئەمریکا  وهەرێمی کوردستان لە سێ رووەوە جێی سەرنجە:

یەکەم، ئەمە یەکەمین رێککەوتننامەی نێوان ئەمریکا  وحکومەتی هەرێمی کوردستان، پێش ئەم قۆناغە هیچ رێککەوتنێک لە نێوان دوو لایەن واژۆ نەکراوە. واژۆ کردنی ئەم رێککەوتنە لە گەل هەرێمی کوردستان و نە لە رێگای دەوڵەتیناوەندییەوە، سەنگ و قورسایی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەباتە ئاستێکی بەرزتر. هەر ئەم خوێندنەوەیە، بۆتە مایەی نیگەرانی ئەو کەس و لایەنانە کە وای لێکدەدەنەوە ئەم هەنگاوەی هەولێر زەمینە و بەستێن بۆ گوتاری سەربەخۆیی خوازانەی بارزانی فەراهەم دەکات، کە بێ پەردە باسی لێوە دەکات.

دووەم، لەم رێوڕەسمە، هیچ یەک لە بەرپرسانی حکومەتی ناوەندی بەغدا ئامادە نەبوون، بەڵام بە پێچەوانەی لێدوانەکانی ئیبراهیم جەعفەری، ستوارت جونز، باڵوێزی ئەمریکا لە بەغدا رایگەیاندووە، کە گەیشتن بەم رێککەوتنە بە ئاگاداری بەغدا بووە. لە وێنەکانی رێوڕەسمی واژۆکرانی رێککەوتنەکە، ئاڵای حکومەتی ناوەندی عێراق دەبیندرێت.

سێهەم، لایەنێکی گرنگی دیکەی رێککەوتنەکە، لایەنی هاوکاری سەربازی لە نێوان ئەمریکا  وهەرێمی کوردستانە. بۆ وێنە ئەگەر ئەم رێککەوتنە سەبارەت بە هاوکاری زانستی و بابەتی لەم چەشنە بوایەت، رەنگە کاردانەوەکان بەم رادەیە نەبوایە، بە تایبەت کە ئەگەر بڕیار بێت ئەمریکا بنکە سەربازییەکانی خۆی لە هەرێمەکە بکاتەوە.

وەک خاڵی کۆتایی، ئەم رێککەوتنە، هیچ گومانێک ناهێڵێتەوە، کە هەر چی کات تێپەڕ دەبێت، پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی، بەرەو سستی و لاوازی دەچێت و لە بەرامبەردا پرۆسەی سەربەخۆیی، کە مەسعود بارزانی بەڵێنی داوە، خێراییەکی زۆرتر بەخۆوە دەگرێت.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com