نوچەنێت
بە بڕیاری حکوومەتی تورکیا، لە چوارچێوەی کاردانەوەکان بەرامبەر بە کودەتاکەی سوپای ئەو وڵاتە، سەدان دەزگای میدیایی داخران.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٨-٧-٢٠١٦، حکوومەتی تورکیا لە راگەیاندراوێکی فەرمیدا ئاشکرای کرد، بڕیاری داخستنی ژمارەیەکی زۆر دەزگای میدیایی دەرکراوە و بڕیارەکەش لە چوارچێوەی ئەو رێوشوێنانە دەرکراوە، کە بەرامبەر بە کودەتا سەربازییەکەی تورکیا ئەمجام دەدرێت.
هەر بەپێی ڕاگەیاندراوەکە، لە تورکیا کارکردنی چەندان دەزگا ڕاگیراوە،کە لەنێویاندا 29 چاپخانە، 23 کەناڵی ڕادیۆیی، 3 ئاژانسی گەورەی هەواڵ، 45 ڕۆژنامە، 16 کەناڵی تەلەڤزیۆنی و 15 گۆڤار هەن.
لە دیارترین ئەو دەزگایانەی کە داخراون، ئاژانسی هەواڵی (جیهان) لەگەڵ ڕۆژنامەکانی (زەمان و تەرەف)، هەروەها گۆڤارەکانی (سزنت، نوقتە) و کەناڵی تەلەڤزیۆنیی (سەمان یۆڵو) و کەناڵی (دونیا) هەیە کە کەناڵی دونیا بە زمانی کوردی پەخش دەکات و بەوە ناسراوە کەناڵێکی نزیک لە فەتحوڵا گیولەنە.