نوچەنێت
دوابەدوای کودەتاکە شکست و بێ ئەنجامەکەی تورکیا، بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران، لە سەرۆککۆماری ئەم وڵاتەوە تا وەزیری کاروباری دەرەوە وسەرۆکی پەرلەمان، پشتیوانی و دەنگی خۆیان خستە پاڵ حکومەتی یاسایی و هەڵبژێردراوی رەجەب تەیب ئەردۆغان.
پرسیاری سەرەکی لێرەوە دەست پێدەکات، بۆ چی ئێران هۆگری و حەزێکی ئەوتۆی بۆ رودانی کودەتا لەم وڵاتە نەبوو؟
بە سەرنجدان بە هێز و دەسەڵاتی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی لەم وڵاتە، بەرپرسانی دەوڵەتی ئێران بە تایبەت لایەنە میانەڕەو و ریفۆرمخوازەکانی لە گەڵ هەر جۆرە کودەتایەک لە ناوخۆی ئەم وڵاتە نین، چ بگات بەوەی، کە بە کودەتاکەی تورکیا خۆشحاڵ بن.
لە هەمان کات دا ئەوەی لای ئێران روون نەبوو، ئەم بابەتە بوو کە هۆکار و ئەنجامدەری سەرەکی کودەتاکە لە کەمالیستەکان بوون یا خود لایەنگرانی فەتحوڵا گولەن، لێرەدا نوکتەیەکی مێژوویی جێی وەبیرهێنانەوەیە، ئیرانییەکان بیرەوەری پەیوەندی ئاڵۆز و تەنگژەی نێوان وڵاتەکەیان و تورکیای ژێر دەستی جەنەڕاڵەکانیان لە بیرە، ئەویش لە دەیەکانی ٨٠ و ٩٠ی زایینی،ب ە تایبەت کە یەک ساڵ دەسەڵاتدارێتی دەوڵەتی ئەربەکانی دەرچێت.
هەڵوێست و سیاسەتی دژەی شیعە ودژە ئێرانی ئاشکرا و شاراوەی فەتحوڵا گولەن و، لایەنگرانی هۆکارێکی دیکەی ئەم بێ دەنگییەی ئێران بوو بەرامبەر بە کودەتا کە، پێدەجێ قەناعەتی بە ئێرانیەکان هێنابێت کە ئەم هەڵوێستە وەربگرن.
هەر چەند ئەردۆغانیش، هەڵوێستی دژە شیعەی هەیە، بەڵام تاران بە سەرنجدان بە دۆسیەی تایبەتی سیاسی و ناوچەیی تورکیا، وای پێ باش بوو کە لە گەڵ حکومەتێکی بەرەولاوازچوون پەیوەندی هەبێت تا ئەوەی رووبەرووی دەوڵەتێک ببێتەوە، کە هەڵێنجراوو دەرئەنجامی کودەتایەکی سەربازی بێت.
خاڵێکی دیکەی جێی سەرنج، گرنگی دانە بە راپۆرت و خوێندنەوەی میدیایی وڵاتانی عەرەبی کەنداو لە کودەتاکە، بەو پێیە ئەردۆغان رەنگە بە رێگەی بەستن و گرێدانی پەیوەندییەکی نزیکتر لە گەڵ تاران، وێڕای عێراق و ئازەربایجان و روسیا، هاوپەیمانییەکی ناوچەیی بێنێتە کایەوە.لە لایەکی دیکەوە ئەم بیرۆکەیە جێی سەرنجە، کە ئێران دەتوانێ بە رێگەی پتەو کردن و بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی لە گەڵ تورکیا دەکوێتە دۆخێکی باڵادەست ترەوە و، بەم پێیە دەتوانێ باشتر لە دژی سعودیە ململانێ و کایەی سیاسی خۆی ئەنجام بدات.
لە روانگەی ئیرانییەکانەوە ناروونی لە خودی کودەتاکە، لانی کەم لە کەمترین ماوەدا دەرفەتێک دەخاتە بەردەم ئەم دراوسێیەی تورکیا تا زەمینە و بوار بۆ وەبەرهێننای رۆژئاواییەکان لەم وڵاتە، فەراهەم بکات و بە جۆری ململانێ و رکابەرایەتیەکی ژێربەژێری تورکیا بکات.