نوچەنێت: ئاژانسەکان
دیموکراتەکانی ئەمریکا لە کاتێکدا هێلاری کلینتۆن-یان وەک کاندیدی کۆتایی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا هەڵبژاردووە، لە پێشبینییەکانی ئەم پارتەدا هاتووە، کە بژاردەی هەڕەشە و شەڕ و گەمارۆکان لە دژی ئێران وەک خۆی دەمێنێتەوە.
کۆنوانسیۆنی چوار رۆژەی دیموکراتەکانی ئەمریکا، بۆ هەڵبژاردنی کاندیدی کۆتایی ئەم پارتە لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٦ لە کاتێکدایە، کە سەرئەنجام هێراری کلینتۆن بە- بەدەست هێنانی ٢٣٨٣ دەنگی لیژنەی هەڵبژاردنەکان، نەک تەنها ناوی خۆی وەک پاڵیوراو و رکابەرێکی سەرسەختی دۆناڵد ترامپی کۆماریخواز تۆمارکرد، بەڵکو وەکو ژنێکیش ناسێندرا، کە بۆ یەکەمین جار بە تێکشکاندنی تاپۆی جیاوازی رەگەزی، بیر لە کۆشکی سپی دەکاتەوە.
ئەم کۆنوانسیۆنەی دیموکراتەکان، کە لە دوو رۆژی یەکەمیدا سیما ناسراوەکانی وەک باراک ئۆما، میشڵ ئۆباما، ئێلیزابت وارن و، جۆ بایدن و بێرنی ساندەرز تیادا بەشدار بوون، جیا لە ناساندنی کاندیدی کۆتایی ئەم پارتە بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا، دەستکەوتێکی دیکەشی هەبوو، ئەویش پێشبینی سیاسی ئەم پارتە بۆ چوار ساڵی داهاتوویە. ئەمەش دەرخەری روانگەی و تێروانینی ئەم پارتەیە سەبارەت پرسە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی ئەمریکا.
لە بەشێک لەم بەڵگەیە، کە تایبەت کراوە بە ئێران هاتووە: ئێمە پاڵپشتی رێککەوتنی ئەتۆمی دەکەین، چونکە جێبەجێکردنی ورد و خاڵ بە خاڵی ئەم رێککەوتنە مانای وایە، کە خۆمان لە شەڕ بە دوور گرتووە و رێگای ئێرانیشمان بۆ دەستڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی بەربەست کردووە.
دیموکراتەکان هۆشداری دەدەن، کە ئەگەر ئێران خەونی دروست کردنی بۆمبی ئەتۆمی لاساز بێت، ئەوانیش دژکردەوەی خۆیان دەبێت و لە بەکارهێنانی بژاردەی سەربازی هیچ باکێکیان نییە.
لەم بەڵگەیەدا هەروەها ئاماژە بە رۆڵی تێکدەرانەی ئێران، لە نا سەقامگیر کردنی ناوچەکە وپشتیگیری ئەم وڵاتە لە گروپە تیرۆریستیەکان کراوە و، جەخت لەوە کراوەتەوە، کە دەبێ لێبڕاوانە لە دژی بەرنامەی موشکی ئێران بوەستنەوە و گەمارۆکانیش بۆ سەر ئەم وڵاتە بەردەوام بن.