نوچە-ئاژانسەکانی هەواڵ
بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی خۆی رەوانەی واشنتۆن دەکات، تاوەکو- وردەکاری پاکێجی یارمەتییە سەربازیە کانی ئەمریکا تاوتوێ بکات.
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاندووە، کە جیکۆب ناگل بەم زووانە لە گەڵ سۆزان رایس، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا کۆدەبێتەوە.
راگەیاندنی هەواڵی ئەم سەردانەی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی نەتانیاهۆ، بە ئەمریکا ئاماژەیەکە بۆ سیاسەتی نەرم کێشی نەتانیاهۆ، کە گوتبووی بۆ واژۆکردنی ئەم رێککەوتنە دە ساڵایە لە گەڵ ئیدارەی ئۆباما هیچ پەلەیەکی نییە.
ئەمریکا رایگەیاندووە، کە زیاتر لە نیوەی بودجەی یارمەتییە سەربازییەکانی دەرەکی خۆی دەخاتە خزمەت ئیسرائیلەوە، کە ساڵانە زیاتر لە ٣ ملیار دۆلار مەزندە دەکرێت.
دوابەدوای رێککەوتنی ئەتۆمی نێوان ئێران و وڵاتە زلهێزەکانی جیهان، کۆشکی سپی پێشنیاری پاکێجێکی نوێی لە یارمەتیە سەربازییەکانی خۆی خستە بەردەم هاوپەیمانی ستراتیژی خۆی، کە لە لایەن بنیامین نەتانیاهۆوە رەتکرایەوە.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، رێککەوتنی ئەتۆمی نێوان ئێران و رۆژئاوا زەبرێکی قورسی لە ناوچەکە داوە، کە قەرەبوکردنەوەی دژوارە.
دەگوترێ ئیسرائیل سەرەتا خوازیاری ئەوە بووە، کە یارمەتییە سەربازیەکانی ئەمریکا لە دە ساڵی داهاتوو تا ٥٠ ملیار دۆلار بەرزببێتەوە، کە لە لایەن دەوڵەتی ئۆباماوە رەتکرایەوە.
ئەمریکا بەرامبەر بەم پیشنیارەی نەتانیاهۆ، رایگەیاند کە ئامادەیە لە دە ساڵی ئایندەدا ٤٠ ملیار دۆلار یارمەتی سەربازی ئیسرائیل بدات، بەو مەرجەی کە ئیسرائیل بە ملیۆنان دۆلار بودجە بۆسیستمی بەرگری موشەکی خۆی یان تەکنۆلۆژی، دۆزینەوەی تونێل تەرخان نەکات.
بە پێی رێککەوتنی ئێستای نێوان تەل ئەبیب و واشنتۆن، ئیسرائیل یەک لە سەر سێی یارمەتییە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ چەک و تەقەمەنی ناوخۆیی و کڕینی سووتەمەنی تەرخان دەکات، کە دیارە ئەمریکا پێی وایە کە دەبێ ئەم خاڵە بگۆڕدرێت. بەم پێیە لە ئەگەری واژۆکرانی پاکێجی نوێ، چاوەڕوان دەکرێت، کە ئیسرائیل زۆربەی یارمەتییە سەربازیەکانی ئەمریکا بۆ کڕینی چەک لە پیشەسازی سەربازی خودی ئەمریکا تایبەت بکات.
وتووێژەکانی دوو لایەن سەبارەت بە پاکێجی یارمەتییە سەربازیەکان، جێی مشتومڕە و نزیکەی دوو مانگ هەڵپەسێردرابوو.
بنیامین نەتانیاهۆ سەرەتا پێیوابوو، کە نابێ بە هەر نرخێک بێت ئەم رێککەوتنە واژۆ بکرێت، بەڵام وەزیری دارایی ئیسرائیل ماوەیەک بەر لە ئێستا پێشنیارەکەی ئەمریکای بە ئەرێنی و دادپەروەرانە وەسف کردو وخوازیاری قبوڵکردنی بوو.