نوچە-ئیسنا
گوتەبێژی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت: ئەمریکا بە مەبەستی نۆژەن کردنەوەی بنکەی سەربازی ئەلقیارە، ٢٠٠ کەس کارناس، ئەندازیار و راوێژکاری خۆی رەوانەی عێراق دەکات.
بە گوێرەی رۆژنامەی”رای الیوم”سەعد حەدیسی، گوتەبێژی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە لێدوانێکدا رایگەیاندووە:عێراق لە بەرەی پیشەوەی شەڕی دژ بە تیرۆریزمە و لە بەرژەوەندیماندایە، کە داوای یارمەتی و هاوکاری نێودەوڵەتی و ناوچەیی بکەین.
سەعد حەدیسی ئاماژە بەوەش دەدات، کە یاداشتی لێکتێگەیشتن لە نێوان عێراق وئەمریکا بەم ئاراستەیە-یە، ئەمریکا ٢٠٠ کارناس وئەندازیار و راوێژکاری سەربازی خۆی رەوانەی عێراق دەکات، تاوەکو بنکەی ئاسمانی ئەلقیارە بخاتەوە گەڕ.
گوتەبێژی نووسینگەی عەبادی جەخت لەوە دەکاتەوە، کە بنکەی ئاسمانی ئەلقیارە رۆڵێکی گرنگی لە ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنەوەی شاری موسڵ هەیە و جەختیش لەوە دەکاتەوە، کە عێراق پێویستی بە پشتتیوانی ئاسمانی و لۆجستیکی هەیە.
ئەشتۆن کارتە، وەزیری بەرگری ئەمریکا پێشتر رایگەیاندووە، کە واشنتۆن بە مەبەستی یارمەتی کردنی هێزەکانی عێراق لە ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵ کردنەوەی موسڵ، ٥٦٠ سەربازی دیکە رەوانەی عێراق دەکات.