ئیسرائیل و سعودیە نزیک دەبنەوە

0

نوچەنێت

وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل، ئەمڕۆ یەک شەممە  پشتڕاستی کردەوە، کە بەرێوەبری گشتی ئەم وەزارەتخانەیە لە رۆژانی رابردوو میوانداری شاندێکی باڵای سعودیەی لەم وڵاتە کردووە.

ئەم دیدارە، وەک چاوپێکەوتنێکی بی وێنەی ئاشکرا، لە نێوان دوو وڵات هەژمار دەکرێت، کە بە فەرمی و راستەوخۆ لە پەیوەندیدا نین.

رۆژنامەی هائارتز لەم بارەوە دەڵێت: گومانێک لەوەدا نییە کە سەردانی شاندی سعودیە بۆ ئیسرائیل، بە بێ رەزامەندی دەوڵەتی سعودیە مومکین نەبووە.

ئێمانۆئل ناخشون، گوتەبیژی وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاندووە، کە دوری گلد، بەڕێوەبەری ئەم وەزارەتخانەیە لە گەڵ ئەنوەر عشقی، جەنەڕاڵی پایەبەرزی سعودیە لە هۆتێلێکی شاری ئۆرشەلیم دیدار و چاوپێکەوتنیان هەبووە.

راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل، دوای ئەوە بڵاو بووەوە کە سەرکردەی ئۆپۆزسیۆن و میدیاکانی ئەم وڵاتە سەردانی شاندەکەی سعودیەیان ئاشکرا کردووە.

ئیسحاق هێرتسۆگ، رێبەری ئۆپۆزسیۆنی ئیسرائیل، ئەمڕۆ یەکشەممە لە وتووێژ لە گەڵ بەشی عیبری رادیۆ ئیسرائیل گوتویەتی: ئەمە یەکەم جارە، کە شاندێکی سعودیە بە بێئەوەی نیگەرانی ئاشکرابوونی هاتنی بۆ ئیسرائیل بێت، لە گەڵ بەرپرسانی ئەم وڵاتە کۆبوونەتەوە.

بە گوێرەی راپۆرتەکان،زۆربەی ئەندامانی شاندەکەی سعودیە لە کەسایەتیە ئاکادمی و بازرگانانی ئەم وڵاتە پێکهاتبوون.

جەنەڕاڵ عەشقی، کە بۆ ساڵانێکی دوورودرێژ لە سوپا و وەزارەتی دەرەوەی سعودیە خزمەتی کردووە، پێشتر لە ئەمریکا لە گەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئیسرائیل دیدار و دانیشتنی هەبووە، بەڵام ئەمە یەکەم جارە کە سەردانی نابراو و شاندێکی سعودیە بۆ ئەم وڵاتە ئاشکرا دەبێت. جەنەڕاڵ عەشقی لە ئێستادا سەرۆکی زانکۆیەکەی سعودیە-یە لە جەددە.

رابەری ئۆپۆزسیۆنی ئیسرائیل گوتبووی، ئەنوەر عەشقی داوای لە بەرپرسانی ئیسرائیل کردووە، کە بە ئاراستەی پێشختنی رەوتی ئاشتی لە گەڵ فەلەستینیەکان هەنگاو بنێن، تا لەم رێگەوە ئیسرائیل بکەوێتە ریزی وڵاتانی عەرەبییەوە.

هاوکات، زیپی لونی، وەزیری دەرەوەی پێشووی ئیسرائیل رایگەیاندووە، کە وڵاتانی میانڕەوی عەرەبی خەریکی پێکهێننای هاوپەیمانییەکن لە دژی ئێران و خوازیاری پەیوەست بوونی ئیسرائیلن بەم هاوپەیمانێتیە.

لیونی رۆژی  شەممەی رابردوو(٢٣ی تەمووز)لە میانەی وتارێکیدا، لە سەنتەری ئیسرائیل گوتویەتی: ئامادەیی دەوڵەتە عەرەبیەکان بۆ هاوکاری ئیسرائیل بەستراوەتە بەوەی، کە دەوڵەتی ئیسرائیل بتوانێ بن بەستی ئێستا لە وتووێژەکانی لە  گەڵ فەلەستینیەکان تێکبشکێنێت.

هائارتز هەروەها نووسیویەتی: مەبەست لەم سەردانەی شاندی سعودیە بۆ تەل ئەبیب، بانگەشە کردنە بۆ گوتاری”دەستپیشخەری سیاسی عەرەبی”.

دەستپیشخەری سیاسی عەرەبی ناونیشانی نەخشە رێگایەکی سعودیە-یە، کە ساڵی ٢٠٠٢ لە لایەن ئەم وڵاتە هاتە ئاراوە و دوو جار لە لایەن کۆمکاری عەرەبییەوە پەسەند کراوە.

پلانی ئاشتی عەرەبی، بە پێی رادەستکردنەوەی ناوچەداگیرکراوەکان لە بەرامبەر ئاشتەوایی تەواوی وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی لە  گەڵ ئیسرائیل داڕێژراوە.

بنیامین نەتەنیاهۆ گوتویەتی: ژمارەیەک لە خاڵەکان، بە تایبەت ئەو خاڵەی  کە پەیوەستە بە”مافی گەڕانەوەی”فەلەستینیەکان دەبێ گۆڕانکاری بە سەردا بێت، بەڵام ئەمینداری پێشووی کۆمکاری عەرەبی ئەم داوایەی رەتکردبووەوە.

بە گوێرەی راپۆرتی میدیاکانی ئیسرائیل، شاندەکەی سعودیە لە گەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانی ئۆپۆزسیۆنی ئیسرائیل دیدار و گفتوگۆی هەبووە.

بەڵام ئەو فەلەستینیانەی، کە نوێنەرایەتی عەرەبەکانی ١٩٤٨ لە پەرلەمانی ئیسرائیل دەکەن،رەخنەیان لە شاندی سعودیە گرتووە  وجەختیان کردۆتەوە، کە ئەم جۆرە لە هاتووچۆ و دانیشتتنانە “نەخشەرێگای دوو وڵات”  وسەربەخۆیی بۆ فەلەستینەیاکن دەخاتە ژیر پرسیارەوە.

لە لایەکی دیکەوە و بە گوێرەی میدیاکانی ئیسرائیل، جەنەڕاڵ عەشقی لە رۆژانی رابردوو لە رامولڵا لە کەرتی رۆژئاوا لە گەڵ مەحمود عەباس، سەرۆکی دامەزراوەی خۆبەرێوەبەری فەلەستینی دیدار و چاوپێکەوتنی هەبووە.

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە ماوەی رابردوودا، جەختی لەوە کردۆتەوە کە کاتی ئەوە هاتووە، وڵاتانی عەرەبی پەیوەندییەکانیان لە گەل ئیسرائیل ئاشکرا بکەن.

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هەروەها دەڵێت: هۆی نزیک بوونەوەی وڵاتانی گرنگی عەرەبی ناوچەکە لە ئیسرائیل، بۆ نیگەرانی هاوبەش لە ئێران، دەگەڕێتەوە.

نزیک بوونەوەی سعودیە و ئیسرائیل، لە کاتێکدایە کە پەیوەندییەکانی سعودیە و ئێران بۆ ٧ مانگ دەجێ داخراوە و، رۆژ لە دوای رۆژی تەنگژە و ململانێکانیان رووی لە زیادبوونە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com