نوچە-موج
لە رۆژانی رابردوودا ماڵپەڕی ویکیلیکس، نزیکەی ٣٠٠ هەزار ئیمێڵی پارتی دادوگەشەپێدانی تورکیای بڵاو کردەوە. ئێستاش کۆمەڵێک بەڵگەی پەیوەست بە لیژنەی نەتەوەیی پارتی دیموکراتی ئەمریکای بڵاو کردۆتەوە، کە ١٩ هەزار ئیمێڵی ئەم پارتە لە خۆ دەگرێت.
ئەم ئیمێڵانە تایبەتە بە قۆناغی زەمانی مانگی جێنیوەری، ساڵی رابردوو تاوەکو مانگی مەی ئەمساڵ. ئێمێڵەکان دەرخەری ئەوەن، کە بەرپرسانی بالای دیموکراتەکانی ئەمریکا روانینێکی نەرێنییان سەبارەت بە بێنرنی ساندەرز، رکابەری هێلاری کلینتۆن هەبووە.
لە لایەکی دیکەوە ئیمێڵەکان نیشان دەدەن، کە ئەندامانی پارتی دیموکراتی ئەمریکا بە چ شێوەیەک دۆناڵ ترامپ، پاڵێورای کۆمارییەکانی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا کردۆتەوە ئامانج.
پێدەچێ سەرچاوەی بڵاوکەرەوەی ئەم ئیمێڵانە، هاککەرێک بە ناوی”گۆسفیر ٢”بێت. هەر چەند پارتی دیموکرات لەم بارەوە هاککەرە روسییەکانیان تۆمەتبار کردووە، لە ئاشکرابوونی ئەم بەڵگانە.
ویکیلیک بانگەشەی ئەوە کردووە، کە ئەمە تەنها بەشێکە لە سیاسەتی ئاشکراکردنی ئەو بەڵگانەی، کە پەیوەستە بە پارتی دیموکرات و شەخسی هێلاری کلینتۆن. جێی ئاماژەیە ، سەبارەت بە بڵاوکردنەوەی زانیاری تاکەکەسی ئەندامانی پارتی دیموکرات رەخنە و گازاندەیەکی زۆر بەرەورووی ماڵپەڕی ویکیلیکس بۆتەوە.
هۆی ئەم رەخنانەش ئەوەیە، کە کۆمەڵێک زانیاری هەستیار بۆ وێنە ژمارە تەلەفۆن، ئادرەسی ئیمێڵ، ژمارەی پاساپۆرت و تەنانەت کۆمەڵێک زانیاری دەربارەی دارایی ئەندامانی پارتی دیموکڕات، کەوتۆتە بەردەست ویکیلیس.