نوچەنێت-بی بی سی
سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، ئەو کەسانەی کە لە پەیوەندی لە گەڵ کودەتای هەفتەی رابردووی ئەم وڵاتە دەستبەسەر کراون، دانیان بەوەدا ناوە کە فەتحوڵا گولەن کودەتاکەی ئاراستە و رێبەری کردووە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان هەروەها گوتوویەتی، ئەو کەسانەی کە لە دەستپێکی کودەتاکە سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئەم وڵاتەیان بە بارمتە گرتبوو، لە هەوڵدا بوون کە قەناعەت بە جەنەڕاڵ هولوسی ئاکار بێنن کە پەیوەندی بە فەتحوڵا گولەنەوە بکات.
فەتحوڵا گولەن، کە دانیشتووی ئەمریکایەوە لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە بەوە تۆمەتبار کراوە کە رۆڵی سەرەکی لە کودەتاکەی 15-07-2016 ئەم وڵاتە هەبووە، بەڵام گولەن ئەم تۆمەتەی رەد کردۆتەوە.
هەر ئەمڕۆ شەممە 23ی جولای بە پێی بڕیارێکی ئەردۆغان 1200 دامەزراوەی خێرخوازی، 19 یەکێتی، 15 زانستگا و 35 ناوەندی تەندروستی داخران،
ئامانجی دەوڵەتی تورکیا، لە داخستنی ئەم دامەزراوانە و دەستبەسەرکردنی بە لێشاو، وەک بۆ خۆیان رایانگەیاندووە، “پاککردنەوەی” هێزەکانی وەفادار بە فەتحوڵا گولەنە لە تورکیا.
تورکیا داوای لە ئەمریکا کردووە، کە فەتحوڵا گولەن رادەستی ئەم وڵاتە بکاتەوە. وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەم بارەیەوە رایگەیاندووە، کە دەبێت، ئەو تۆمەتانەی کە لە پەیوەندی لە گەڵ رۆڵی گولەن لە کودەتاکەی تورکیا خراوەتە پاڵی، بسەلمێندرێ و دواتر دەوڵەتی تورکیا بە شێوەی فەرمی داوای رادەستکردنەوەی بکات.