نوچەنێت-ئاژانسەکانی هەواڵ
وەزیری دەرەوەی سعودیە لە وتووێژێکدا لە گەڵ کەناڵی یۆرۆنیوز، بۆچوون و هەڵوێستی وڵاتەکەی دەربارەی هاوکێشەکانی ناوچە خستۆتەڕوو.
عادڵ جەبیر، لە دیمانەیەکی تایبەت لە گەڵ یۆرۆ نیوز، سەبارەت بە گٶڕانکارییەکانی ناوچەکە گوتویەتی، ئێمە لە ناوچەکە بۆشاییامان هەست پێکردووە، بەم پێیە لە گەڵ هاوپەیمانەکانمان بە مەبەستی پاراستنی بەرژەوەندییەکانمان جووڵاوینەتەوە. بۆ وێنە گرووپێکی توندڕەوی میلیشیایی لە چەشنی حزبوڵڵای لوبنان، کە بەستراوە بە ئێرانەوە، پلانی کۆنترۆڵ کردنی یەمەنی هەبوو، خاوەنی موشەکی بالستیکی و هێزی ئاسمانییە و ببوو بە مەترسی و هەڕەشە بۆ سەر سعودیە و وڵاتانی کەنداو. لە ئەنجامدا دەبا لایەنێک دەستپێشخەری کردبایە، ئەوە بوو بڕیارماندا دەستوەردان بکەین.
وەزیری دەرەوەی سعودیە، سەبارەت بە رۆڵی ئێران لە ناوچەکە گوتویەتی، چیدی ناتوانین دەستدرێژی و پاوانخوازییەکانی ئێران، کە بۆ ماوەی 35 ساڵە بەردەوامە تەحەمول بکەین. هەروەها لە سوریاش بە دوای گۆڕانکاریداین.
جەبیر سەبارەت بە هەلوێستی وڵاتەکەی لە پەیوەندی لە گەڵ کودەتای شکست خواردووی تورکیا دەڵێت، تورکیا وڵاتێکی دیموکراسییە و رێز لە ئیرادەی خەڵکەکەی دەگیردرێ. ئەنقەرە دەبێ رێوشوێنی پێویست بۆ دابینکردنی هێمنی و ئاسایشی خۆی بگرێتە بەر. کاتێک ئەمریکا هەزاران کەسی لە گوانتانامۆی کوبا کوشت، کەس نەبوو لیی بپرسێتەوە.
عادڵ جەبیر سەبارەت بە دۆخی سوریا رای وایە، کە سوریای نوێی بە بێ ئەسەد وێنا دەکەین و ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ ناردنی هێزی زەمینی لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتی نیودەوڵەتی دژ بە داعش دەربڕیوە.
وەزیری دەرەوەی سعودیە سەبارەت بە داعش بۆچوونی وایە، کە داعش تۆڕێکە کە پیکهاتووە لە کەسانی تاوانبار و بەلاڕێداچوو نەخۆشی دەرونی. جەبیر باس لەوەش دەکات، کە داعش هیچ پەیوەندییەکی بە ئایینی ئیسلامەوە نییە و دەشلێت، ئەگەر وا بیر بکرێتەوە کە داعش بەشێکە لە بیروباوەڕی موسوڵمانان ناحەقی کراوە.