نوچەنێت-رادیۆ فەردا
فدریکا مۆگرینی، بەرپرسی سیاسەتەکانی دەرەوە و یوهانس هان، کۆمیسێری یەکیتی ئەوروپا لە بەیانێکدا، نیگەرانی خۆیان سەبارەت بە راگەیاندنی باری نائاسایی لە تورکیا دەربڕیوە و دەڵێن: هەنگاوەکانی دەوڵەت لە دژی دامەزراوەکانی پەروەردە و میدیاکان لە دوای کودەتای بێ ئەنجامی ئەم وڵاتە قبوولکراو نییە.
فدریکا مۆگرینی و یوهانس هان، لە بەیانێکی هاوبەشدا داوا لە بەرپرسانی تورکیا دەکەن، کە لە هەموو دۆخ و هەلومەرجێکدا رێز بۆ سەروەری یاسا، مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنەرەتییەکان بە تایبەت مافی دادوەری عادڵانە بۆ تاکەکان دابنێن.
ئەم بەرپرسانەی یەکیتی ئەوروپا ئاماژە بەوە دەدەن، کە لە دۆخی نائاساییدا دەوڵەت بە رێگای حوکمی حکومەتی دەسەڵاتێکی بەربڵاوتری دەبێت.
فدریکا مۆگرینی و یوهانس هان گوتوویانە، دەوڵەتی تورکیا لە دوای کودەتا بێ ئەنجامەکەی ئەم وڵاتە، کۆمەڵێک کردەوەی ناپەسەندی لە دژی سیستمی پەروەردە و دادوەری و میدیاکان بەرێوە بردووە.
ئەم دوو بەرپرسەی یەکیتی ئەوروپا هاوکات هۆشدار دەدەن، کە تورکیا دەبێ بە پێی ریوشوێنەکانی کۆنوانسیۆنی ئەوروپایی مافەکانی مرۆڤ هەڵسوکەوت بکات.
جێی ئاماژەیە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دوێنێ بۆ ماوەی سێ مانگ باری نائاسایی لەم وڵاتە راگەیاند.