نوچەنێت- بی بی سی
محەممەد عەلی جەعفەری، فەرماندەی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی دەڵێت: سعودیە و چەند وڵاتێکی دیکەی ناوچەکە چوونەتە ریزی دوژمنانی ئاشکرای ئێرانەوە.
فەرماندەی سوپای پاسداران، ئەمڕۆ پێنج شەممە 21-7-2016، لە کۆبوونەوەی لە گەڵ فەرماندەکانی هێزی دەریایی سوپا رایگەیاند: دوژمنانی شۆڕش و ئێرانی ئیسلامی هەموو هەوڵیان ئەوەیە، کە پەرە بە نائەمنی لەم وڵاتە بدەن و سعودیە و ژمارەیەک لە وڵاتانی ناوچەکەش چوونەتە ریزی دوژمنانی ئاشکرای ئێرانەوە.
جەعفەری جەخت لە هێز و تواناییەکانی سوپای پاسداران دەکاتەوە و دەشڵێت، هێزە سەربازییەکانی ئێران ئامادەی پووچەڵکردنەوەی هەر جۆرە هەوڵێکی پیلانگێڕانەن.
فەرماندەی سوپای پاسداران ئاماژە بەوە دەدات، کە دوای رووداو و کاردانەوەکانی رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران و رۆژئاوا، مەترسی و نیگەرانییەکی زۆر هاتۆتە ئاراوە، کە هەلومەرجەکە هەستیار دەکەنەوە، لەم رووەوە دەبێت سەرنجی زۆرتر بخرێتە سەر پاراستنی شۆڕشی ئیسلامی.
جەعفەری ئەوەش دەخاتەڕوو، کە هەوڵ دراوە سوپای پاسداران بگۆڕدرێت بۆ هێزێکی سەربازی وەک ئەوەی لە جیهاندا باوە، بەڵام ئەرکی سوپا تەنها چالاکییە سەربازییەکانی نییە، بەڵکو چاودێری کردنی شۆڕشی ئیسلامی ناوەڕۆکی راستەقینەی سوپای پاسدارانە.