نوچه- فۆكس نیوز
چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی پله بڵندی ئه‌مریكا رایانگه‌یاند، ئێران شكستی هێناوه له تاقیكردنه‌وه‌ی چواره‌مین موشه‌كی بالیستی، له‌دوای رێكه‌وتننامه ئه‌تۆمییه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ وڵاتانی 5+1 ، به‌مه‌ش به‌نده‌كانی رێكه‌وتننامه‌كه‌ی پیشێل كردوه، سه‌ره‌ڕای لادان له بڕیاری 2231 ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی كه تاقیكردنه‌وه بالیستییه‌كانی ئێران سنوردار ده‌كات.
به‌پێی سه‌رچاوه‌كان هه‌فته‌ی رابردوو، ئێران له هه‌ڵدانی موشه‌كێكی بالیستی شكستی هێنا، كه دووری 4 هه‌زار كیلۆمه‌تر ده‌بڕیت، له بنكه‌یه‌كی سه‌ربازی ناوه‌ڕاستی وڵاته‌وه هه‌ڵدراوه، له‌كاتی تێپه‌ڕینی یه‌ك ساڵ به‌سه‌ر رێكه‌وتنامه ئه‌تۆمییه‌كه‌دا.
كه‌ناڵی فۆكس نیوز له‌سه‌ر زاری به‌رپرسێكی ئاژانسی هه‌واڵگری ئه‌مریكا گواستویه‌تیه‌وه و ده‌ڵێت، ئێران هه‌وڵی داوه جۆرێكی نوێ له موشه‌كی بالیستی تاقی بكاته‌وه، به به‌كارهێنانی ته‌كنه‌لۆجیایه‌ك كه له كۆریای باكوره‌وه هاتووه، به‌ڵام موشه‌كه بالیستییه‌كه دوای دورییه‌كی كه‌م له ئاسماندا ته‌قیوه‌ته‌وه.
به‌پێی زانیارییه‌كان، ئێران تاقیكردنه‌وه‌كه‌ی له ده‌وروبه‌ری شاری سامانی نزیك ئه‌سفه‌هان له رۆژانی 11 و 12ی ئه‌م مانگه ئه‌نجامداوه.
بڕیاری2231 ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی، كه دوای هه‌فته‌یه‌ك له واژۆ كردنی رێكه‌وتننامه ئه‌تۆمیه‌كه ده‌رچوو، قه‌ده‌غه‌ی ده‌كات ئێران تاقیكردنه‌وه و گه‌شه به موشه‌كه بالیستییه‌كانی بدات، كه ده‌توانرێت بگۆڕدرێت بۆ كڵاوه‌ی ئه‌تۆمی، به‌پێی بڕیاره‌كه ده‌بێت ئێران هیچ تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی په‌یوه‌ندیدار به موشه‌كی بالیستی بۆ ماوه‌ی 8 ساڵ ئه‌نجام نه‌دات.
ئه‌گه‌ر ئه‌م موشه‌كه سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بهێنێت، ئه‌وا له توانایدا هه‌یه چه‌ند ناوچه‌یه‌كی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بپێكێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی تا ئێستا روون نییه، په‌یوه‌ندی كۆریای باكوره به پرۆسه‌ی تاقیكردنه‌وه‌ی موشه‌كه بالیستیه‌كه‌ی ئێران و گه‌یشتنی ته‌كنه‌لۆجیای كۆریای باكور، به دروست كردنی موشه‌ك له ئێران.