نوچه- شه‌رقلئه‌وسه‌ت
به‌پێی چه‌ند زانیارییه‌ك، به فه‌رمانی ئێران، میلیشیا شیعه‌كانی عێراق به‌رده‌وامن له ناردنی چه‌كداره‌كانییان بۆ سوریا، به مه‌به‌ستی شه‌ڕكردن له ریزه‌كانی سوپای رژێمی ئه‌سه‌د و بۆ به‌هێزكردنی به‌ره‌كانی حه‌له‌ب و ریفی دیمه‌شق.
هه‌روه‌ها به‌پێی چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی باڵا له به‌غدا، سه‌دان كه‌س له میلیشیا شیعه‌كان له ئیواره‌ی هه‌ینی رابردوه‌وه عێراقییان به‌جێهێشتوه و، له فڕۆكه‌خانه‌كانی به‌غدا و نه‌جه‌فه‌وه به فرۆكه‌كانی هێڵی ئاسمانی عێراق و هێڵی ئاسمانی سوریا و، كۆمپانیای فڕۆكه‌وانی تایبه‌تی ئێران به‌ره‌و سوریا به‌رێكه‌وتون، ركابه‌رییه‌كی زۆر هه‌یه له نێوان یه‌كه جیاوازه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی، بۆ ناردنی زۆرترین جه‌نگاوه‌ر به مه‌به‌ستی رازی كردنی ئێران.
ژماره‌ی چه‌كداره‌كان كه له رێگه‌ی فڕۆكه‌خانه‌كانی به‌غدا و نه‌جه‌فه‌وه ده‌چنه سوریا نه‌زانراوه، به‌ڵام پێده‌چیت تا ئێستا زیاتر له 2000 چه‌كدار رۆیشتبن و هه‌موشیان گه‌یشتونه سوریا، دوا گه‌شت له كاتژمێر 10 ی سه‌رله‌به‌یانی دوێنێ سیشه‌مه به‌رێكه‌وت.
فه‌رمانبه‌رێك له فڕۆكه‌خانه‌ی به‌غدای نێوده‌وڵه‌تی رایگه‌یاند ” له رۆژی هه‌ینییه‌وه هه‌موو رۆژێك دوو گه‌شت له به‌غداوه به‌ره‌و دیمه‌شق ده‌كرێت، یه‌كێك له گه‌شته‌كان چه‌كدارانی میلیشیا شیعه‌كان ده‌گوازێته‌وه بۆ سوریا”، هه‌روه‌ها گوتی” له رێگه‌ی جل و به‌رگ و ریش و شێوازی بڕینی قژییان و جانتاكانییانه‌وه ده‌یانناسینه‌وه، هه‌روه‌ها هه‌ندێكیان پاسپۆرتیان پێ نییه‌و به فه‌رمانی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی به فڕۆكه گه‌شت ده‌كه‌ن”.
له كاردانه‌وه‌یه‌كی توندا سه‌ركرده‌یه‌ك له به‌ره‌ی جوڵانه‌وه‌ی شه‌عبی عێراقی گواستنه‌وه‌ی سه‌دان چه‌كداری حه‌شدی شه‌عبی بۆ سوریا به‌وه وه‌سف كرد كه ” ئه‌وان بوونه كه‌لوپه‌ل و به ئاره‌زووی ئێران له‌م وڵات بۆ ئه‌و وڵات ده‌گوێزرێنه‌وه، ئه‌وه‌ی رووده‌دات به ئاگاداری ئه‌مریكایه كه له ته‌ماشاكه‌رێك زیاتر هێچیتر نیه بۆ ئه‌و كارانه‌ی ئێران كه به بیانووی جه‌نگی دژی تیرۆر ده‌یكات له عێراق و سوریا”.
ره‌خنه‌ی زۆری ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تی له كاره ناشایسته و تایفه‌گه‌رییه‌كانی میلیشیا شیعه‌كانی عێراق ده‌گیرێت، هه‌روه‌ها تۆمه‌تی ئه‌وه‌یان ده‌خرێته پاڵ كه ملكه‌چی فه‌رمانه‌كانی ئێرانن.