نوچەنێت: تایبەت
نوێنەرێكی كوردیش لە بەغدا رایدەگەیێنێت، هیچ ئومێدێكم بە رژێمەكانی بەغدا نییە و پێویستە كورد نێو ماڵی خۆی رێكبخات و تەبا و یەكڕیز بن بۆ ئەوەی بتوانین لە سەر پێ بوەستین.
رۆژی 28ـی مانگی ئایاری ئەمساڵ، سەرۆكوەزیرانی عێراق عەبادی، لە گەڵ سەرۆكی فراكسیۆنە كوردستانییەكان كۆ بووەوە و چەندین بەڵێنی پێیان دا، لەوانە چارەكردنی كێشەكان لە گەڵ هەرێم،
لە لێدوانێكی تایبەت بە نوچەنێت، د.سیروان سرینی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و هەرێم راگەیاند: من هیچ ئومێدێكم بە هیچ رژێمێكی بەغدا نییە، چونكە لەوەتەی حكومەتی عێراق دامەزراوە، بەردەوام مافەكانی كورد پێشێل دەكەن.
د.سیروان سرینی دەڵێت، وەكو دەبینین دوێنێ مالیكی بوو، ئەمڕۆ عەبادییە و بەردەوامە، ئەویش دەڕوات، کە لە گەڵ ئەوەیش خۆیان ماڵوێرانییەكی زۆریان دروست كردووە، بە هۆی ئەو سیاسەتە هەڵەیەی كە پەیڕەوی دەكەن، ئەمە لەجیاتی ئەوەی لە خەمی تێكڕای پێكهاتەكانی عێراق بن، بەڵام باوەڕیان بە پێكەوەژیان و مافی كەمینەكان و پێكهاتەكانی تری عێراق نییە.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گوتی، حكومەتی عێراق بڕوا ناكەم چارەی بارودۆخی خۆیان بكەن نەك كورد، تا بەڵێنەكان جێبەجێ بكەن، بۆیە ئەوەی كە گرینگە پێویستە كورد نێو ماڵی خۆی رێكبخات و تەبا و یەكڕیز بن بۆ ئەوەی بتوانین لەسەر پێ بوەستین.
سرینی ئاماژە بەوە دەدات، لە كاتێكدا چواردەورەمان بە كۆمەڵێك دیكتاتۆر گیراوە و، لە هەمان كاتدا خەریكە رۆژ بە رۆژ ئەو دیكتاتۆرانە دەتوێنەوە و هەرەس دێنن، بەڵام بە داخەوە ناتەبایی نێوان لایەنەكان و نەبوونی یەكڕیزیی، خەڵكی تا رادەیەك هەراسان و بێئومێد كردووە، دەبێت لایەنەکان پێداچوونەوە بە خۆیاندا بکەن، بۆ هێنانەدی تەواوی ئامانجە ستراتیژییەكانی كورد.