نوچە-ئیسنا
دوابەدوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی هاتنەوە ئارای یاسای لە سێدارەدان، بۆ ئەنجامدەرانی کودەتای ناسەرکەوتوی تورکیا، رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی داوا لە بەرپرسانی ئەم وڵاتە دەکات، کە ئەنجامدەرانی کودەتاکە بەرەورووی سزای لە سێدارەدان نەکاتەوە.
بە گوێرەی رۆژنامەی”رای الیوم”لە کاتێکدا ژمارەیەک لە بەرپرسانی تورکیا خوازیاری لە سێدارەدانی ئەنجامدەرانی کودەتاکەی ئەم وڵاتەن، ئەمنێستی لە پەیامێکدا جەخت لەوە دەکاتەوە، کە تورکیا نابێ سزای لەسیدارەدان بۆ ئەنجامدەرانی کودەتا دیاری بکات.
ئەندرۆ گاردنەر، توێژەری ئەمنێستی بۆ کاروباری تورکیا لە ئەکاونتی خۆی لە تویتەر نووسیویەتی: تورکیا بۆ بەرگری لە مافەکانی خەڵکی ئەم وڵاتە بەرامبەر بەم کودەتایە، کە دەیتوانی ئەنجامەکەی ببێتە حکومەتێکی سەربازی یەکڕیز و یەکگرتوو بوو، بەڵام لە سێدارەدان و سەرکوتی دژبەران، ئەم سەرکەوتنە لە ناوەرۆکی خۆی بەتاڵ دەکاتەوە.
گاردنەر ئەوەش دەخاتە روو، کە مەترسی گەورەی حکومەتی سەربازی لە سەر رێ هەڵگیراوە و دەبێ ئێستا ئەنجامدەرانی کودەتاکە رادەستی عەدالەت بکرێ و رێز لە سەروەری یاسا بگیردرێت.
بیناڵی یەڵدرم، سەرۆکوەزیرانی تورکیا سەبارەت بە ئەگەری وەگەڕ خستنەوەی یاسای لە سێدارەدان لە دژی کودەتاچییەکان گوتویەتی: دەوڵەتی تورکیا لەم بارەوە گۆڕانکاری یاسایی تاوتوێ دەکات.