نوچەنێت
تورکیا وڵاتێکە، بە تەمای ئەندامەتی لە یەکیتی ئەوروپایە. هاوکات یەکێک لە ئەندامە گرنگ و شوێندانەرەکانی ناتۆیە. رۆژی هەینی ئەم وڵاتە رووبە رووی کودەتا بووەوە. لە ٥٠ ساڵی رابردوودا چەندین کودەتای بەخۆوە بینیوە، کە بۆتە هۆی کەوتنی چوار دەوڵەتی یاسایی و هەڵبژێردراو.
١٩٦٠
رۆژی دووی مانگی مەی ساڵی ١٩٦٠ کودەتایەکی سەربازی لە تورکیا روویدا، کە زۆر خوێناوی نەبوو. ئەم کودەتایە لە لایەن ئەفسەران و خوێندکارانی کۆلێژەکانی سەربازی لە ئیستەنبوڵ و ئەنقەرە رابەرایەتی کرا. بە گوێرەی رۆیتەرز، رۆژی سێی مەی فەرماندەی هێزی زەمینی سوپای تورکیا داواکاری ریفۆرمی سیاسی لەم وڵاتە خستە روو.
دوای ئەوەی، کە وەڵامی ئەرێنی بەم داواکارییەی نەدرایەوە دەستی لە کارەکەی کێشایەوە. سەرکردەکانی ئەم کودەتایە لیژنەیەکی ٣٨ کەسییان پێکهێنا و فەرماندەی هێزی زەمینی سوپا سەرۆکایەتیەکەی لە ئەستۆ گرت. لە کۆی ٦٠١ کەس کە دادگایی کران،٤٦٤ کەسیان وەک تاوانبار ناسێندران. سێ کەس لە وەزیرانی پێشوو لەوانە عەدنان مەندەرس لە سێدارە دران و، ١٢ کەسی دیکەش لەوانە جەلال بایار، سەرۆککۆماری تورکیا حوکمی لە سێدارەدرانی کەم کارەو ەبۆ زیندانی ئەبەد.
١٩٧٠
دوای چەند مانگ مانگرتن و شەڕ و پێکدادانی سەر شەقام لە نێوان چەپەکان و نەتەوەخوازەکانی سوپای هۆشدار دایە دەوڵەت، کە هێمنی و ئاسایش بگەڕێنێتەوە. چەند مانگ دواتر سولەیمان دمیرل، سەرۆکوەزیرانی تورکیا دەستی لە کار کێشایەوە. ئێئتلافێک لە سیاسییە کۆنەپارێز و تەکنۆکراتەکان لە ژێر چاودێری سوپای بڕیاریان دا، کە هێمنی و ئاسایش بگەڕێننەوە. حکومەتی سەربازی لە چەند پارێزگایەک سەپێندرا وئەم دۆخە تا سێبتەمبەری ١٩٧٣ درێژەی کێشا.
١٩٨٠
لە ١٢ی سێبتامبەری ١٩٨٠ سوپا بە سەرکردایەتی جەنەڕاڵ”کنان ئۆرۆن” دەستی دایە کودەتا. ئەم کودەتایە دوای ئەوە هات، کە زنجیرە شەڕ و پێکدادانێک لە سەر شەقامەکان و لە ةیوان چەپەکان و نەتەوەخوازەکان هاتە ئاراوە. دواتر سیاسییە ناسراوەکان قۆڵبەست کران و پەرلەمان و حزبە سیاسی و یەکێتییە کرێکاریەکان هەڵوەشایەوە و یاسایی بنچینەیی تورکیاش هەڵپەسێردرا.
١٩٩٧
لە ١٨ی ژوئەنی ١٩٩٧ نەجمەدین ئەربەکان، سەرۆکوەزیرانی تورکیا، کە لە لایەن نەیارەکانیەوە وەک مەترسییەک بۆ سەر سیستمی سێکۆلاری ئەم وڵاتە هەژمار دەکرا، لە ژێر گوشاری سوپا، بازرگانان و دەزگای دادوەری و کۆمەڵێک لە سیاسیەکانی ئەم وڵاتە دەستی لە کار کێشایەوە. دواتر جەنەڕاڵەکانی سوپا بۆ خۆیان راستەوخۆ بۆ پشتیوانی لە سیستمی سێکۆلاری تورکیا هاتنە مەیدان.
٢٠٠٧
لە هەڵمەت و پەلامارێکی پۆلیسی تورکیا بۆ سەر خانوویەک لە ئیستەنبوڵ. بە رێژەیەکی بەرچاو مەوادی تەقینەوە دۆزرایەوە. سەدان کەس بە تاوانی کودەتا لە دژی رەجەب تەیب ئەردۆغان، کە ئەو کات سەرۆکوەزیرانی تورکیا بوو دادگایی کران. هەروەها ٢٧٥ ئەفسەر، رۆژنامەوان و پارێزەر وەک تاونابار هاتنە ناساندن.ئ ەردۆغان لە سەرەتاوە پێداگری بوو کە ئەم کەسانە دادگایی بکرێن، بەڵام دواتر پۆلیس و دادوەرەکانی بەوە تۆمەتبار کرد، کە ئەندامی رەوتی مەزهەبی فەتحوڵا گوێلەنن، کە لە ئەمریکا ژیان دەباتە سەر. دواتر گوێلەن ئەم تۆمەتەی رەتکردەوە.
٢٠١٠
رۆژنامەیەکی تورکیا پلانێکی کودەتای لە لایەن سێکۆلارەکانەوە ئاشکرا کرد. رایگەیاند کە ئەم پلانە پەیوەندی هەیە بە رووداوەکانی ٢٠٠٣وە و ئامانجیشی ناننەوەی ئاژاوە وپشێوییە لە دژی پارتی ئیسلامگەرای دادوگەشەپێدان. لە ٢٠١٢ دادگای تورکیا لە کۆی ٣٦٥ کەس، سزای زیندانی بۆ ٣٠٠ تۆمەتبار دیاری کرد، دوو ساڵ دواتر هەموو ئە وکەسانەی، کە حوکم درابوون ئازاد کران. دادگای یاسای بنچینەیی ئەم وڵاتە رایگەیاندبوو، کە مافی ئەم کەسانە لەبەرچاو نەگیراوە. سەرلەونوێ پەنجەی تۆمەت بۆ لای گوێلەن راکیشرا، بەڵام دیسان گویلەن رەتی کردەوە.