نوچەنێت
بە گوێرەی راپۆرتەکان،هێڕشبەرەکەی سەر جەژنی باستیل لە شاری نیس کۆمەڵێک بەڵکەی لە ناو بارهەڵگرەکە لێ بەجێماوە، لەوانە مۆبایل و مۆڵەتی شۆفێری.
پۆلیسی فەرەنسا، بە فەرمی ناسنامەی ئەو کەسەی کە بارهەڵگرەکەی پێ بووە و ژمارەیەک لە بەشداربووانی جەژنی باستیلی ژێر خستووە پشتڕاست نەکردۆتەوە.
بەڵام هەندێک وردەکاری کە تا ئێستا ئاشکرا بوون، باس لەوە دەکەن ئەنجامدەری هێڕشەکە کەسێکی تەمەن 31 ساڵان بە ناوی محمد لحوایج بوهلال بووە، کە پێشووتر هیچ پەیوەندییەکی بە گروپە توندرەوەکانەوە نەبووە.
پۆلیسی نیس، بەڵگەی پێناسی ناوبراو لە ناو بارهەڵگرەکە دۆزیوەتەوە و رایانگەیاندووە، کە ناوبراو هاووڵاتی فەڕەنسا بووە، بەڵام پێشتر لە لیستی کەسانی ژێر چاودێری پۆلیسدا نەبووە.
لە سەرەتاوە شایەتحاڵەکان پێیوانوابوو، کە شوفیرەکە کۆنتڕۆڵی بە سەر بارهەڵگرەکەدا نەماوە، بەڵام زۆر زوو تێدەگەن کە بە ئەنقەست وای کردووە.
یەکی لە شایەتحاڵەکان کە لە شوێنی رووداوەکە بووە دەڵێت، من تەنانەت دەرفەتی ئەوەم هەبوو کە سەیری دەم و چاوی بکەم، پیاوێکی ریشدار بوو، واتێگەیشتم کە لەم کارەی خۆی چێژی وەردەگرت.
بە پێی راپۆرتێک کە لەم بارەیەوە بڵاو بۆتەوە، ئەنجامدەری هێرشەکە دوو رۆژ پێش رووداوەکە، بارهەڵگرەکەی لە کۆمپانیایەکی بەکرێدانی سەیارە لە سن لوران دۆڤار کە دەکەوێتە رۆژهەڵاتی شاری نیسەوە، بە کرێ گرتووە.
میدیاکانی ناوخۆی فەرەنسا دەڵێن کە مۆڵەتی شۆفێری و مۆبایلی ئەنجامدەری هێڕشەکە لە ناو بارهەلگرەکە دۆزراوەتەوە. بەیانی ئەمڕۆ هەینی پۆلیسی نیس هێڕش دەکاتە سەر ماڵەکەی لە گەڕەکی ئاباتوار لە نزیک وێستگەی شەمندەفەری نیس و ماڵەکەی دەپشکنێت.
سەر باری ئەوەی کە ئەنجامدەری هێڕشەکە چەکی پی بووە، بەڵام هەمووی ئەو چەکانەی کە لە بارهەلگرەکە دۆزراونەتەوە ساختە بوون. ئەمەش بۆتە هۆی هاتنە ئارای ئەم پرسیارەوە، کە کەسەکە تا چ رادەیەک لە لایەن گروپە توندڕەوەکانەوە پشتیوانی لێکراوە.
زۆر کەس پێیانوایە، کە ئەم هێڕشە پەیوەندی راستەوخۆی بە پەیامی ڤیدئۆیی ئەبو محەممد عەدنانی، گوتەبێژی داعشەوە هەیە، کە لە ساڵی 2014 بڵاو بۆتەوە.
گوتەبێژی داعش لەم گرتە ڤیدیۆییەدا دەڵێت، ئەگەر ناتوانن بۆم بتەقێننەوە یان بە چەک تەقە بکەن، بە سەیارە ژێریان بخەن.
ئەوەی تا ئێستا ئاشکرایە، پێدەچێ ئەنجامدەری هێرشەکەی سەر شاری نیس ئەم رێگەیە تاقی کردبێتەوە.