نوچە-ئاژانسەکانی هەواڵ
فرانسوا ئۆلاند، سەرۆککۆماری فەرەنسا لە لێدوانێکدا، بە سەرنج خستنە سەر شکستە یەک لە دوای یەکەکانی داعش لە عێراق و سوریا هۆشداری دەدات، کە دەبێت پێش بە بەهێزبوونی بەرەی نوسرەی سەر بە قاعیدە لە سوریا بگیردرێت و بۆ ئەم مەبەستە دەبێت لە رووی سەربازییەوە بەرەنگاری بەرەی نوسرە ببینەوە، چونکە لاوازبوونی داعش بەهێز بوونی ئەم گروپەی بەدوادادێ.
بە پێی ئاژانسی هەواڵدەریی فەڕەنسا، فرانسۆ ئۆلاند پێی وایە، کە لە کاتیکدا داعش ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی خۆی لە دەست دەدات، ئەو مەترسییە لە ئارادایە، کە هەلومەرج بۆ بەهێزبوونی گروپە جیهادیەکان لە سوریا بڕەخسێت.
سەرۆککۆماری فەرەنسا، دوای دیدار و چاوپێکەوتنی لە گەڵ ژمارەیەک لە سەرۆکانی وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ و هەروەها سەرۆککۆماری ئۆکراینیا، رایگەیاندووە، کە گومانێک لەوەدا نییە داعش لە حاڵەتی پاشەکشەدایە، بەڵام دەبێت پێش بە هاتنە ئارای ئەو هەلومەرجە بگرین کە دەبنە هۆی بەهێزبوونی گروپە جیهادیەکانی دیکە لە سوریا.
ئۆلاند هەروەها خوازیاری هەنگاوی سەربازی هاوبەش لە دژی بەرەی نوسرەیە و لەم بارەوە داواکارە کە روسیا و ئەمریکا هاوکار بن.