نوچەنێت-سپۆتنیك
رۆژی دووشه‌ممه ناوچه‌ی ده‌ورووبه‌ری فڕۆكه‌خانه‌ی به‌غدای نێوده‌وڵه‌تی رووبه‌ڕووی موشه‌كباران بووه‌وه، كه زیاتر له 20 موشه‌كی ئاراسته كرا، وه‌ك سه‌رچاوه ئه‌منییه‌كان ئاماژه‌یان پێكرد.
محه‌مه‌د روبێعی، جێگری لیژنه‌ی ئه‌منی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای به‌غدا گوتی، ژماره‌یه‌ك موشه‌ك له ناوچه‌ی نزیك فرۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی كه ده‌كه‌وێته رۆژئاوای پایته‌خته‌وه، كه‌وتوون.
روبێعی جه‌ختی لەوە كرده‌وه، كه موشه‌كه‌كان له ناوچه‌ی عه‌كه‌ركوفه‌وه، هاوێژراون و له گه‌ڕه‌كه‌كانی جیهاد و ناوچه‌ی عامریه و ناوچه‌كانی ده‌ورووبه‌ری فرۆكه‌خانه كه‌وتوون.
دانیشتوانی ئه‌و ناوچانه‌ی كه له نزیك فرۆكه‌خانه‌وه نیشته‌جێن ده‌ڵێن، كه گوێیان له ده‌نگی نزیكه‌ی 20 ته‌قینه‌وه بوه، ئاماژه‌شییان به‌وه كردووه، كه ده‌نگی ته‌قینه‌وه‌كان له گه‌ڕه‌كه‌كانی مسه‌وه‌ر و خه‌زرا و عامریه و غه‌زالیه ی رۆژئاوای شاری به‌غداوه بیستراون.
گوته‌بێژی فه‌رمی رێكخراوی “موجاهیدینی خه‌لق”ی ئۆپۆزسیۆنی ئێران گوتی، سه‌ربازگه‌ی “لیبه‌رتی” تۆپباران كراوه كه ده‌كه‌وێته ده‌وروبه‌ری فرۆكه‌خانه‌ی به‌غدا.
ده‌زگاری راگه‌یاندنی جه‌نگیش ئێواره‌ی رۆژی دووشه‌ممه رایگه‌یاند، فه‌رمانده‌ی پرۆسه سه‌ربازییه‌كانی به‌غدا بارهه‌ڵگرێكی دۆزیوه‌ته‌وه كه سه‌كۆی موشه‌ك هاویشتنی هه‌ڵگرتبوو، نزیكه‌ی 20 موشه‌كی له ناوچه‌ی عه‌كه‌ركوفه‌وه به ئاراسته‌ی سه‌ربازگه‌كه هاویشتبوو، كه به‌شێكییان له یه‌كێك له گونده‌كانی نزیك عامریه كه‌وتبوون و ببوه هۆی بریندار بوونی ژماره‌یه‌ك هاووڵاتی.