راسانەوەی رۆژهەڵات و هەڕەشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان

0

نوچەنێت

حکومەتی هەریمی کوردستان، وەک کاردانەوە بەرامبەر بە هەڕەشەکانی جێگری فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران، سەبارەت بە هێرش و بە ئامانج گرتنی کەمپەکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران  لە باشوری کوردستان، ئەم لێدوانەی سەردار حسێن سەلامی بە هەڕەشەیەکی نەگونجاو  ونابەجێ وەسف کرد.

هەفتەیەک  پێشتر ناوچە سنورییەکانی نێوان رۆژهەڵات و باشوری کوردستان، لە لایەن تۆپخانەکانی ئێرانەوە کرایە ئامانج، کە بووە هۆی ئاوارەبوونی خەڵکی چەندین گوند  وبرینداربوونی چەندین کەس.

حکومەتی هەریمی کوردستان، رۆژی شەممەی رابردوو،٢ی تەموز وێڕای رەدکردنەوەی لێدوان و هەڕەشەکانی ئەم بەرپرسەی سوپای پاسداران، وەڵامی ئێرانی دایەوە.

سەردار حسێن سەلامی، جێگری فەرماندەی سوپای پاسداران لە وتاری نوێژی هەینی رابردوو لە تاران، هێرشی کردە سەر بەرپرسانی حکومەتی هەریمی کوردستان و رایگەیاند، کە ئەگەر پابەندی بەلێنەکانیان نەبن، هەر شوێنێک کە ببێتە سەرچاوەی هەرەشە و خستنە مەترسی ئەمن و ئاسایشی کۆماری ئیسلامی بە یەکجاری وێرانی دەکەن.

سەلامی وێڕای ئاماژەدان بە شەڕ و پێکدادانەکانی ئەم دواییانەی پێشەمەرگەکانی حدکا و سوپای پاسداران، هەڕەشەی ئەوەی کرد کە ئەمە یاری کردنە بە کلکی شێر و جەختی لەوە کردەوە، ئێرە ئێرانە  وڵاتی ئەو پیاوانەیە کە هەموو هێرش و هەڕەشەیەکیان تێکشکاندووە.

سەلامی راشیگەیاند، کە ئیرادەی ئێران بەو ئاراستەدایە کە پیشەرگەکانی حدکا کە لە ناوچەکانی رۆژهەڵات خەریکی چالاکی و جەولەی تەشکیلاتی و کاری رێکخستن، چەکەکانیان دانێن و بێنە ژێر سێبەری مێهرەنانی و لێبوردەیی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە. یان ئەوەی کە بە ناچاری شوێنەکانیان بە جێ بهێڵن، ئەگینا لە لایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە بە توندی هێرشیان دەکرێتە سەر.

لە کاتێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەم هەرەشە و لێدوانانەی ئێرانی بە نابەجێ وەسف کردووە، میدیاکانی ئێران دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکانی پەیوەندیدار بە کاردانەوەی هەرێمی ، هەمبەر لێدوانەکانی سەلامی.وە”راسپاردە”وەسفتان کردووە. پێشتر ئاژانسی هەواڵدەری تەسنیم کە  نزیکە لە دامودەزگا ئەمنیەکانی کۆماری ئیسلامی، مانشێتی رۆژی هەینی بە رستەی”هۆشداری سوپای بە بەرپرسانی باکوری عێراق”رازاندبووەوە.

رەدکردنەوەی هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران

لە راگەیێندراوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان هاتووە: ئێمە ئەم هەڕەشەیە کە شیاوی سەردار سەلامی نییە رەتدەکەینەوە و ئەم هەڵوێستە سەبارەت بە پەیوەندی لەمێژینەوە  ودۆستانەی هەرێمی کوردستان لە گەڵ کۆماری ئیسلامی بە گونجاو نازانین.

هەروەها ئاماژە بەوەدراوە، کە ویستی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوە نەبووە بەو شێوەیەی کە کۆماری ئیسلامی باسی دەکات: ئێمە بە توندی ئەو هەڕەشە نابەجێیەی سەردار سەلامی ڕەتدەكەینەوە و بە هەڵوێستێكی نەگونجاوی دەبینین لەگەڵ پەیوەندیی لەمێژینە و دۆستانەی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران. بەتایبەتیش كە لەو ماوەیەدا گفتوگۆی پڕ لە تێگەیشتن و دۆستانە هەبوون لەنێوان هەردوولادا، بەڵام ئەو هەڕەشەیە بە تەواوی پێچەوانەی سروشتی ئەو گفتوگۆیانە بووە كە لەنێوان هەردوولاماندا هەبووە و، بە هیچ شێوەیەك ئەو هەڕەشانە خزمەتی پەیوەندییەكانمان ناكەن و نابێ بە هیچ شێوەیەك ئەو زمانە بەرامبەر هەرێمی كوردستان بەكار بهێندرێت.

حکومەتی هەرێمی جەختیشی لەوە کردۆتەوە: لە ڕوانگەی پاراستنی پەیوەندی و گەشەپێدانی هاوكاریی دۆستانە و جێبەجێكردنی یاسا نێودەوڵەتییەكان و، بنەمای دراوسێیەتیی باش و دۆستایەتی و هاوكاریی هەمیشەیی، بەردەوام ویستوویەتی هۆكاری سەقامگیری و ئاشتییەكی ڕاستەقینە بێت لەپێناو بەرژەوەندیی گەلانی ئێران و حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ناوچەكەدا، هەربۆیەش نەمانویستووە و نامانەوێت خاكی هەرێمی كوردستان ببێتە سەرچاوەی هێرشكردنە ناو خاكی ئێران و هیچ دەوڵەتێكی دراوسێی هەرێمی كوردستان.

رۆژی یەکشەممەی رابردوو راگەیەنەکانی باشور بڵاویان کردەوە،  کە بە هۆی  هێرشی تۆپخانەکانی سوپای پاسداران بۆ سەر ناوچە سنوریەکانی حاجی عومەران، سیدەکان، بەرەزین، دۆڵی ئالانی و …پێنج کەس لە خەڵکی مەدەنی ئەم ناوچانە(سێ منداڵ،ژن  وپیاوێک) برینداربوونە. هەروەها زیان  وخەساریکی زۆر بە وەرزیڕان و موڵک و ماڵی خەڵکی ناوچەکە گەیشتووە.ئەمە لە کاتیکدا بوو کە محەممەد پاکپور،فەرماندەی هێزی زەمینی سوپای پاسداران رایگەیاندبوو کە ئەوان تەنها شوێن و بنکە سەربازیەکانی حدکا-یان کردۆتە ئامانج.

هاوکات، تورکیا بە مەبەستی لێدان و بەرەنگاربوونەوەی هێزەکانی پەکەکە چەند ناوچەیەکی سنووری کردە ئامانجی.حکومەتی هەرێمی کوردستان، داوای لە تورکیا و ئێران کرد کە کۆتایی بە بوردومانکردنی ناوجە سنوریەکانی باشوری کوردستان بێن و داواشی لە حزبە دژبەرەکان کرد، کە لە خاکی هەرێمەوە پەلەماری وڵاتانی دیکەی درواسێ نەدەن.

جۆن کێربی، گوتەبێژیوەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە وەڵامی ئەم پرسارە، کە دژکردەوەی ئەمریکا بەرامبەر بە هەڕەشەکانی ئێران بە ج شێوەیەک دەبێت رایگەیاند :من لەم بارەوە هیچ راپۆرتێک سەبارەت بە بوردومان کردن نەبینیوە، پێشنیاردەکەم لە گەڵ وەزارەتی بەرگری راویژێک بکەن، بەڵام جٶن کێربی هاوکات جەختی لەوە کردەوە، کە ئەم بۆچوونەی کە گوایە ئەمریکا لە ئێستادا سەرنجی  ئەو چالاکیەکانەی ئێران نادات،  کە دەبنە هۆی ناسەقامگیری ناوچەکە بە بۆچوونێکی نادروستی زانی و رەتی کردەوە.

ئەم هەڵوێست وەرگرتنەوەی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، بەرامبەر بەو رەخنەیەی هاتووە کە لە دوای رێککەوتنی ئەتۆمی نێونا ئێران و وڵاتانی زلهێزی جیهان، ئەمریکا کەمتر رەخنەکانی خۆی بەرەوروی چالاکیەکانی ئێران دەکاتەوە لە ناوچەکە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com