نوچە-شفقنا
بە پێی راپۆرتێکی ماڵپەڕی سومریە نیوز، بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە ٤ی تەمووز بڵاو بۆتەوە، لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠١٦ زیاتر لە ٧ هەزار کەس لە خەڵکی مەدەنی عێراق، بە هۆی توندوتیژی و تەقینەوەکانی ئەم وڵاتە گیانیان لە دەست داوە.
بە پێی ئەم راپۆرتەی سومریە نیوز، لە کۆی ٧ هەزار و ١٢٨ کەسی مەدەنی کە کوژراون، نزیک بە ٩١%یان لە ئەنجامی تەقینەوە و٥.٤% بە هۆی تیرۆرەوە گیانیان لە دەست داوە.
هەر لەم راپۆرتەدا هاتووە: مانگەکانی مەی و ژانویە بە خوێناویترین مانگەکانی نیوەی یەکەمی ٢٠١٦ هەژمار دەکرێت. بەم پێیە لە مانگی مەی هەزار و ٤٩٧ کەس ولە مانگی ژانویەش هەزارو٢٦١ کەس کوژراون.
ئەمە لە کاتیکدایە کە لە ماوەی ئەم شەش مانگەدا، داعش لەناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی خۆی ٢٠١ کەس لە خەڵکی مەدەنی ئێعدام کردووە و ٦٣ کەسی دیکەش لەناوچە جەنگییەکان گیانیان لە دەست داوە.
لە کۆی ئەم ئامارە، کە تایبەتە بە قوربانیانی شەش مانگی یەکەمی ٢٠١٦ پیاوان ٧٨% و ژنان ٢٢%ی کوژراوەکان پێکدێنن.
٦٧%ی کوژراوەکان تەمەنیان لە نێوان ١٦ بۆ ٤٠ ساڵ و ٢٢%یش تەمەنیان لە نێوان ٤٠ بۆ ٧٠ ساڵ بووە و ١١%ی دیکەس تەمەینیان کەمتر لە ١٦ ساڵ بووە.