نوجە-قطرە
بەشی عەرەبی ئاژانسی هەواڵدەریی رۆیتەرز، لە زاری بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت: جۆن کێری، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سبەی دووشەممە،٢٧ی حوزەیران لە شاری برۆکسێلی پاتیەختی بەلجیکا سەردانی بنکەی یەکێتی ئەوروپا دەکات و لە گەڵ فێدریکا مۆگرینی، بەرپرسی سیاسەتەکانی دەرەوەی ئەم یەکێتیە کۆدەبێتەوە. بڕیاروایە، دواتر لە شاری لەندەن، پایتەختی بەریتانیا لە گەڵ فیلیپ هامۆند، وەزیری دەرەوەی ئەم وڵاتە دیداروگفتوگۆ دەکات.
بە گوتەی ئەم بەرپرسەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، وەزیری دەرەوەی ئەم وڵاتە لەم سەردانەی جەخت لەوە دەکاتەوە، کە وڵاتانی دیکەی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا نابێت ئەزموونی بەریتانیا بۆ دەرچوون لەم یەکێتیە دووبارە بکەنەوە، چونکە وەها هەنگاوێک دەبێتە هۆی لاوازتربوونی یەکێتی ئەوروپا.