نوچەنێت
حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق كه‌مێك له‌مه‌وبه‌ر گه‌یشته قه‌زای فه‌للوجه، ئه‌وه‌ش دوای پاككردنه‌وه‌ی قه‌زاكه دێت له‌چه‌كدارانی داعش.
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه، حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق دوای كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی ته‌واوه‌تی شاری فه‌للوجه‌و پاككردنه‌وه‌ی له داعش، وه‌كو یه‌كه‌م به‌رپرسی عیراق به‌سه‌ردانێك گه‌یشته قه‌زاكه.
هه‌واڵی گه‌یشتنی حه‌یده‌ر عه‌بادی، فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه چه‌كداره‌كانی عیراق بۆ فه‌للوجه، له‌لایه‌ن ته‌له‌ڤیزیۆنی فه‌رمی عیراقیه‌وه بڵاوكرایه‌وه.
پێشتر، ده‌زگای دژه تیرۆری عیراق، كۆتایی هاتنی ئۆپه‌راسیۆنی رزگاركردنی فه‌للوجه‌ی له پارێزگای ئه‌نبار راگه‌یاند، پاش كۆنتڕۆڵكردنی ته‌واوه‌تی. شاره‌كه.
سه‌ره‌تای ساڵی 2014، چه‌كدارانی داعش كۆنترۆڵی قه‌زای فه‌للوجه-یان كرد كه سه‌ر به پارێزگای ئه‌نباره‌و 60 كیلۆمه‌تر له باكوری خۆرئاوای به‌غدای پایته‌خت دووره.
دوای كۆنترۆڵكردنیشی له‌لایه‌ن داعش، سوپای عیراق له‌سه‌رجه‌م ده‌روازه‌كانییه‌وه گه‌مارۆی خسته سه‌ر ئه‌و قه‌زایه و رێگه‌ی هاتن‌و چوونی قه‌ده‌غه‌كرد، ئه‌وه‌ش وایكرد دانیشتووانه‌كه‌ی له‌لایه‌ك رووبه‌ڕووی هه‌ڕه‌شه‌كانی داعش، ببنه‌وه كه له‌ناو قه‌زاكه‌دا بوون، له‌لایه‌كی تریشه‌وه رووبه‌ڕووی برسێتی بوونه‌وه به‌هۆی ئه‌وه‌ی هیچ پێداویستییه‌كی رۆژانه‌یان به‌ده‌ست نه‌ده‌گه‌یشت.
شاری فه‌للوجه به یه‌كێك له گرنگترین شاره‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعش، داده‌نرێت‌و كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی به هۆی نزیكی به به‌غدای پایته‌خته‌وه، گرنگییه‌كی زۆری بۆ حكومه‌تی حه‌یده‌ر عه‌بادی هه‌یه.