نوچه‌نێت-ئه‌لعێراق نێت
دوێنێ شه‌ممه 25-6-2016 موقته‌دا سه‌دری سه‌رۆكی ره‌وتی سه‌در داواكه‌ی دووپاتكرده‌وه بۆ ده‌ست له كار كێشانه‌وه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادی.
له په‌یامێكدا كه به بۆنه‌ی كشانه‌وه‌ی به‌ریتانیا له یه‌كێتی ئه‌ورووپا بڵاویكرده‌وه، سه‌در ده‌ڵێت “ده‌بێ له وڵاتانی ئێمەش به‌گشتی و عێراق به‌تایبه‌تی، وه‌ڵامی داواكاری خه‌ڵك بدرێته‌وه و هاووڵاتی توانای ده‌نگدانی هه‌بێ له‌سه‌ر بابه‌ته‌كان، چونكه دیموكراسییه‌ت ته‌نیا زاراوه‌یه‌كی رووكه‌ش نییه بۆ چه‌سپاندنی كورسی، به‌ڵكو ده‌كرێ بۆ له نێوبردنی كورسی حوكمیش به‌كاربێت”.
سه‌در ده‌ڵێت، راپرسییه‌كه‌ی به‌ریتانیا ده‌ریخست، کە ده‌كرێ جیاوازی گه‌وره له نێوان بۆچوونی خه‌ڵك و حكومه‌تدا هه‌بێ و ئه‌وه‌ش ده‌ریده‌خات حكومه‌ت ئاگای له بۆچوون و پێدوایستییه‌كانی خه‌ڵكه‌كه‌ی نییه.
له درێژه‌ی په‌یامه‌كه‌ی سه‌دردا هاتووه “شكستهێنان له جێبه‌جێكردنی درووشمه‌كانی هه‌ڵبژاردن و نه‌توانین لە جێبه‌جێكردنی به‌رنامه‌ی حكومه‌ت وای له سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌ریتانیا كرد ده‌ست له كار بكێشێته‌وه، ئه‌م نه‌ریته نابێت هه‌ر لای رۆژئاواییه‌كان كاری پێبكرێ و لای ئێمه جێبه‌جێنه‌كرێت، چونكه بردنه‌سه‌ری په‌یمان له به‌رامبه‌ر خودا و گه‌ل پێویسته و ئه‌وه‌ی نه‌یتوانی په‌یمانه‌كانی جێبه‌جێبكات ده‌بێ سزا بدرێ و یه‌كه‌م سزایش بریتییه له كارلادان”.
سه‌در داوای كردووه، حكومه‌ت خۆبه‌خۆ ده‌ستبه‌رداری فه‌رمانڕه‌وای ببێت، ئەگەر نا فراكسیۆنی ئه‌حرار له په‌رله‌مانی عێراق ده‌چنه پاڵ ئه‌و ده‌نگه ناڕازییانه‌ی داوای ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی هه‌ر سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه ده‌كه‌ن.