نوچه‌نێت-سی ئێن ئێن
له وتارێكدا، كه بۆ ده‌رخستنی شكسته‌كان و خاڵه لاوازه‌كانی هیلاری كلینتۆن ته‌رخانیكردبوو، دۆناڵد ترامپ به‌ربژێری كۆمارییه‌كان بۆ پۆستی سه‌رۆكی ئه‌مریكا ده‌ڵێت “بڕیاره‌كانی هیلاری كلینتۆن، له هه‌ر شوێنێك كاریگه‌رییان ده‌ركه‌وتبێ بوونه‌ته‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی كاولكاری و تیرۆر.. ئه‌وه‌بوو به‌ده‌م سه‌دان هاواری به هاناوه‌چوونی باڵیۆزه‌كه‌مانه‌وه نه‌چوو له لیبیا سه‌باره‌ت به مه‌ترسییه‌كانی سه‌ر كونسوڵگه‌رییه‌كه‌مان له به‌نغازی”.
ترامپ هه‌روه‌ها گوتی “كاتێك ساڵی 2009 هیلاری كلینتۆن بووه وه‌زیری ده‌ره‌وه، جیهان زۆر جیاواز بوو، لیبیا ده‌وڵه‌تێكی هاوكار بوو له‌گه‌ڵ ئێمه، له عێراقیش توندوتیژی كه‌متر بوو، سوریا له‌ژێر كۆنترۆڵدابوو، ئێرانیشمان به گه‌مارۆ خنكاندبوو، میسر سیستمێك حوكمی ئه‌كرد كه هه‌م دۆستی ئێمه بوو هه‌م پابه‌ندی په‌یماننامه‌كان بوو له‌گه‌ڵ ئیسرائیل، داعش بوونی هه‌ر نه‌بوو”.
ترامپ ده‌ڵێت، كه‌چی به هاتنی 2014 “كلینتۆن رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی وێران كرد” ئه‌ویش له رێگه‌ی “لێدانی لیبیا و راده‌ستكردنی به داعش، ئێران بووه هێزی زاڵبوو به‌سه‌ر رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و هه‌وڵی ده‌ستخستنی چه‌كی ئه‌تۆمی ده‌دات، بیرۆكه‌ی گۆڕینی رژێمی سوریا له رێگه‌ی توندوتیژی بووه‌هۆی شه‌ڕێكی خوێناوی ناوخۆیی، میسریشی له رژێمێكی دۆسته‌وه كرد به دوڵه‌تێكی توندڕه‌وی سه‌ر به ئیخوان موسلیمین”.
له‌باره‌ی عێراقیشه‌وه گوتویه‌تی “له عێراق كشایه‌وه و چه‌ندین ناوچه‌ی ئه‌و وڵاته‌ی راده‌ستی داعش كرد”، هێرشه‌كانی له په‌لاماردانی شه‌خسیش به‌ده‌ر نه‌بوون، به‌وه‌ی وتی “كلینتۆن بایی 58 هه‌زار دۆلار خشڵی له وڵاتی برونای وه‌رگرتووه جگه له ملیۆنان دۆلاری دیكه، هه‌روه‌ها 25 ملیۆن دۆلاری له سعودیه و ملیۆنانی دیكه‌ی له كوێت و قه‌ته‌ر و عومان وه‌رگرتووه”.