نوچە-ئیسنا
نێردەی تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری سوریا دەڵێت، بۆ دەستپێکی خولکی نوێی وتووێژەکانی ئاشتی لە سوریا، پێویستە روسیا وئەمریکا بگەنە رێککەوتن.
بە گویرەی ئاژانسی سپۆتنیک، ستێفان دی مستۆرا نوێنەری تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری سوریا رایگەیاندووە، خولی داهاتووی وتووێژەکانی سوریا دواخراوە و تا ئەو کاتەی دڵنیا نەبم کە ئەمریکا وروسیا دەگەنە تێگەیشتنێکی هاوبەش، ئەم دواخرانە بەردەوام دەبێت.
دی مستۆرا جەخت لەوە دەکاتەوە، کە ئەمریکا وروسیا دەبێت لە هەوڵی ئامادەکردنی هەلومەرجی پێویست بۆ کۆتایی هێنان دوژمنایەتیەکان بن، تا لەم رێگەوە دۆخێکی دڵخواز بۆ لایەنەکان پێکبێت.
دی مستۆرا هاوکات هۆشدار دەدات، کە ئاگربەستی سوریا مەترسی جددی لە سەرە و بە تایبەت دۆخەکە لە حەلەب ودەوروبەری دیمەشق لە بار نییە.
دی مستۆرا کە لە پەیوەندییەکی ڤیدئۆییدا لە دانیشتینی کۆڕی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە نیۆیۆرک، وتارێکی پێشکەش کرد وردەکاریەکان وچۆنیەتی گەیاندنی یارمەتی مرۆڤدۆستانەی بە هاووڵاتیانی سوری خستە روو. هەروەها ئاماژەی بەو هەوڵانەدا کە ئامانجیان هێنانەوەی دەوڵەتی سوریا و ئۆپۆزسیۆنی ئەم وڵاتەیە بۆ سەر مێزی دانوستان و ووتووێژەکان، هەروەها بەهێزکردنی ئاگربەتی لەرزۆکی ئێستای ئەم وڵاتە.