سەلاحەدین بەهائەدین: خوێنی شەهیدانی17 شوبات و دوکەڵی قورئان و بارەگاکانی یەکگرتوو یەک زنجیرەیە لە دەرهاوێشتەی ناعەدالەتی

0

سەلاحەدین بەهائەدین: ساڵی نوێ بەڕێکردنی ساڵی پشتگوێخستنی کەیسی شەهیدانی راپەرینەکەی شوبات و ئازاری کوردستانە
نوچەنێت
سەلاحەدین بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لەپەیامێکدا سەری ساڵی نوێ پیرۆز دەکات و دەڵێت”پاش ساڵێکی پر لە چەرمەسەری و کێشمەکێش، ساڵی راپەرینی گەلان و ورابوونی گەنجان، ساڵی بێداری ئیسلامی وبەهاری عەرەبی، ساڵی چرۆکردنی جیهانێکی ترو ژیانێکی ترو دنیا بینیەکی تر ساڵی بەرهەمهاتنی گیانی بوعەزیز و سەدان شەهیدی ئازادی و رزگاری گەلانی ستەمدیدە و چەوساوە ..ساڵی دارمانی عەرش و تەختی سەرۆکایەتی چەندین سەرۆکی ستەمکار و پاشای سەرۆک کۆمارو نەغرۆبوونی چەندین جێگر و وەلی عەهدی سەرۆکزادە.. ساڵی کپکردنەوەی دەنگی نارازی بوونی جەماوەر و پشتگوێخستنی کەیسی شەهیدانی راپەرینە سپیەکەی شوبات و ئازاری کوردستان”.
بەهائەدین لەپەیامەکەیدا رایدەگەیەنێت”فەرامۆشکردنی پاکێجەکانی پرۆژەی چاکسازی ئۆپۆزسیۆن و پشتگوێ خستنی بریارەکانی پەرلەمان بۆ خۆپیشاندانەکانی 17/شوبات و کارەساتەکانی پاش ئەوەو، هەروەها رووداوەکانی زاخۆ و کارە تێکدەرانەکەی سەر شوێنە گەشتیاری و مەساج و مەیخانەکان و پاشان هەڵکوتانە سەر بارەگاکانی یەکگرتوو و سوتاندنیان لە زاخۆ وسێمێل ودهۆک وقەسرۆک لەماوەی چەند سەعاتێکدا و بەدیار چاوی هێزە ئەمنی و ئیدارییەکانەوە، ئەمانە هەموو جەخت لەوە دەکاتەوە کە سیستەمی ئیداری و سیاسی هەرێم لە قەیرانی گەورەدایە و دواخستنی پرۆسەی چاکسازی ریشەیی هۆکاری سەرەکی ئەم روداوانەیە”.
هەر لەو پەیامەدا دەڵێت” بێ گومان خوێنی شەهیدانی 17/شوبات و دوکەڵی قورئان و کتێبەکانی بارەگاکانی یەکگرتوو لە 2/12ـی ئەمساڵدا پێکەوە یەک زنجیرەیە لە دەرهاوێشتەی ناعەدالەتی وگەندەڵی و ناسەروەری یاساو دەبێ لەساڵی 2012دا هەنگاوی جددی بنرێ بۆپیادەکردنی پرۆژە چاکسازیەکەی ئۆپۆزسیۆن لە بەرنامەی کاری حکومەتدا لە سەقفێکی زەمەنی دیاری کراودا “.
پەیامی ئەمینداری گشتی یەکگرتوو
لەپێشوازی ساڵی نوێ 2012

سه‌لاحه‌ددین محمد به‌هائه‌ددین
پاش ساڵێکی پر لە چەرمەسەری و کێشمەکێش، ساڵی راپەرینی گەلان و ورابوونی گەنجان، ساڵی بێداری ئیسلامی وبەهاری عەرەبی، ساڵی چرۆکردنی جیهانێکی ترو ژیانێکی ترو دنیا بینیەکی تر ..
ساڵی بەرهەمهاتنی گیانی بوعەزیز و سەدان شەهیدی ئازادی و رزگاری گەلانی ستەمدیدە و چەوساوە ..
ساڵی دارمانی عەرش و تەختی سەرۆکایەتی چەندین سەرۆکی ستەمکار و پاشای سەرۆک کۆمارو نەغرۆبوونی چەندین جێگر و وەلی عەهدی سەرۆکزادە ..
ساڵی کپکردنەوەی دەنگی نارازی بوونی جەماوەر و پشتگوێخستنی کەیسی شەهیدانی راپەرینە سپیەکەی شوبات و ئازاری کوردستان ..
ساڵی رۆژە دوکەڵاوییەکەی 2/12 و جارێکی تر سوتاندنەوەی بارەگاکانی یەکگرتوو لە بادینانی دەلال و سەربڵند ..
ئەمرۆش کە واین لە ساڵیادی 2012 ساڵەی لەدایک بوونی پێغەمبەری ئاشتی وخۆشەویستی حەزرەتی عیسا درود و سەلامی خوای لەسەر بێ، وێرای پیرۆزبایی لەگشت هاوڵاتیانی بەرێزی مەسیحی وموسوڵمان وسەرجەم مرۆڤایەتی، داواکارین لەخوای میهرەبان ساڵی نوێمان پربکا لە ئاشتی و ئاسودەیی و سەقامگیری.. عێراق وکوردستانمان لەگشت بەڵاو قەیران و ئالۆزیەک بپارێزێت ..
دەخوازین ساڵی نوێمان ساڵی راستکردنەوەی هەڵەکان و چاککردنەوەی تێکدانەکان و بەکردەیی کردنی دروشمەکان بێت..
ساڵی چاکسازی ریشەیی وگەرانەوە بۆ باوەشی میللەت بێ ..
ساڵی گۆرانکاری جددی لەسیستەمی فەرمانرەوایی وحاڵەتی سیاسی کوردستاندا بێ، وەک زەرورەتێکی حەتمی و پێویستی یەکی خێرا.
بۆیە فەرامۆشکردنی پاکێجەکانی پرۆژەی چاکسازی ئۆپۆزسیۆن و پشتگوێ خستنی بریارەکانی پەرلەمان بۆ خۆپیشاندانەکانی 17/شوبات و کارەساتەکانی پاش ئەوەو، هەروەها رووداوەکانی زاخۆ و کارە تێکدەرانەکەی سەر شوێنە گەشتیاری و مەساج و مەیخانەکان و پاشان هەڵکوتانە سەر بارەگاکانی یەکگرتوو و سوتاندنیان لە زاخۆ وسێمێل ودهۆک وقەسرۆک لەماوەی چەند سەعاتێکدا و بەدیار چاوی هێزە ئەمنی و ئیدارییەکانەوە، ئەمانە هەموو جەخت لەوە دەکاتەوە کە سیستەمی ئیداری و سیاسی هەرێم لە قەیرانی گەورەدایە و دواخستنی پرۆسەی چاکسازی ریشەیی هۆکاری سەرەکی ئەم روداوانەیە.
بێ گومان خوێنی شەهیدانی 17/شوبات و دوکەڵی قورئان و کتێبەکانی بارەگاکانی یەکگرتوو لە 2/12ـی ئەمساڵدا پێکەوە یەک زنجیرەیە لە دەرهاوێشتەی ناعەدالەتی وگەندەڵی و ناسەروەری یاساو دەبێ لەساڵی 2012دا هەنگاوی جددی بنرێ بۆپیادەکردنی پرۆژە چاکسازیەکەی ئۆپۆزسیۆن لە بەرنامەی کاری حکومەتدا لە سەقفێکی زەمەنی دیاری کراودا ..
یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانیش بە ئەرکی خۆی دەزانێ بەردەوام باجی بوونی بداو ئامادەیە لەوە زیاتریش قوربانی بدا لەپێناو چەسپاندنی فرەیی و رێزگرتنی بوونی ئەویتر و ئازادی سیاسی و پێکەوە ژیانی پێکهاتە ئاینی ونەتەوەیی یە جیاکان و چۆڵنەکردنی ئەو سەنگەرە گرنگە بە پەیرەوکردنی گشت میکانیزمە مەدەنی و رێوشوێنە یاسایی و دیموکراسیەکان، بەهاو سەنگەری سەرجەم هێزە سیاسیە ئازادی خواز و نوخبەی رۆشنبیر و رونابیرە دلێرەکان و رۆژنامە نووس و میدیاکارە بوێرەکان .. تا ئەزمونەکەمان لە هەڵدێر و هەرێمەکەمان لە داتەپین وکاولکاری بپارێزین و پێشبگیرێ لە زنجیرەی تەقینەوە سیاسی وکۆمەڵایەتی یەکان و بەئومێدەوە پێشوازی لە ساڵی نوێ بکەین.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com