نوچه‌نێت-عه‌ره‌بی جه‌دید
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه، سه‌رچاوه پزیشكییه‌كان له فه‌للوجه‌وه ئاشكرایان كرد، كه 20 كه‌س له دانیشتووانی مه‌ده‌نی فه‌للوجه به سه‌ربڕاوی دۆزراونه‌ته‌وه. عه‌ره‌به سوننیه‌كانی فه‌للوجه ده‌ڵێن كوشتاری ئه‌و كه‌سانه له‌و ناوچانه روویانداوه كه له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی حه‌شدی شه‌عبیدان.
پزیشكێکی نه‌خۆشخانه‌ی فه‌للوجه به “عه‌ره‌بی جه‌دید”ی گوتووه “كارمه‌نده ته‌ندروستییه‌كانمان ئه‌و ته‌رمانه‌یان به سه‌ربڕاوی له گه‌ڕه‌كی ئه‌فسه‌ران بینیون، بۆیشیان ده‌ركه‌وتووه به‌ر له سه‌ربڕینی ئه‌و كه‌سانه، به جۆره‌ها شێوه ئه‌شكه‌نجه دراون و جه‌سته‌یان شێوێندراوه”.
سه‌رچاوه پزیشكییه‌كه وتووشیه‌تی به‌هۆی شێواویی زۆری جه‌سته‌یه‌وه‌و، به ئاسته‌م توانراوه به‌شێك له ته‌رمه‌كان بناسرێنه‌وه. جه‌ختیشی كردوه‌ته‌وه هه‌موو قوربانییه‌كان خه‌ڵكی سڤیل بوون و ویستوویانه له گه‌ڕه‌كی ئه‌فسه‌رانه‌وه به‌ره‌و گه‌ڕه‌كی فه‌رمانبه‌ران هه‌ڵبێن و، له‌وێشه‌وه به‌ره‌و به‌غدا ده‌ربازیان ببێ.
هه‌ر له‌و میانه‌یه‌دا عه‌بدولڕه‌حمان جومێلی، ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی پیاوماقووڵانی فه‌للوجه جه‌ختیكرده‌وه، كه قوربانییه‌كان له ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی حه‌شدی شه‌عبی دۆزراونه‌ته‌وه، داوایشی له حكومه‌تی به‌غدا كرد لێپێچینه‌وه له تاوانه‌كه‌دا بكات و تاوانباران راپێچی دادگا بكات.