نوچەنێت
سەرۆک وەزیرانی عێراق وادەی رزگارکردنەوەی شاری مووسڵ دیاری دەکات و رایدەگەیەنێت، خەڵکی مووسڵ پەیام دەنێرن و داوای هاوکاری دەکەن.
بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی رایگەیاند، ئێوارەی رۆژی سێشەممە 21ـی حوزەیرانی 2016، عەبادی پێشوازی لە ژمارەیەک زانای ئایینیی شیعە و سوننە کردووە و گوتوویەتی “زاناکان بەرپرسیارێتییەکی گەورەیان لەسەر شانە”.
حەیدەر عەبادی لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاندووە، کە حکوومەت بە چڕی کار دەکات بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان، کە بەهۆی شەڕی تائیفیی سوننە و شیعەکان و هێرشی رێکخراوی توندڕەوی داعش لە ناوچەکانیان هەڵاتوون و زۆربەیان روویان کردووەتە کوردستانی باشوور.
سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختی لەوە کردووەتەوە، کە ئەمساڵ (2016) شاری مووسڵ رزگار دەکرێتەوە و ئاماژەی بەوەش کردووە، کە خەڵکی ناو مووسڵ پەیام دەنێرن و داوای هاوکاری و رزگاربوون دەکەن.
لە مانگی حوزەیرانی 2014ـەوە چەکدارانی داعش، مووسڵ و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنباریان داگیر کرد و زیانێکی زۆریان لە رووی ماددی و مەعنەویەوە بە خەڵک و حکومەتی عێراق گەیاند.