ئەحمەد ڕەزا : سیڤەر کچە شاعیرێکی ئەنارکیستی ڕاستەقینە

0

ئەحمەد ڕەزا : سیڤەر کچە شاعیرێکی ئەنارکیستی ڕاستەقینە

میخائیل باکۆنین لە کتێبی ” ڕەخنەگرتن لە تیۆری مارکس، دەربارەی دەوڵەت” دا ئەڵێ: ” ڕێگەی مرۆڤ بەرەو سەربەستیی تەواو، کە ئەبێتە مافی هەمووان، ڕێگەی شۆڕشی ئەنارکیزمی کۆمەڵایەتییە، کە لە مرۆڤەوە دروست ئەبێت و ئەبێتە هێزێک هەموو ئاستەنگەکان تێک ئەشکێنێ”.  جۆری ئاستەنگە کۆمەڵایەتیی و فیکریی و سیاسییەکان، تەنها لە ڕێگەی شٶڕشێکەوە بەدەست دێت، کە تیایدا مرۆڤ بە ئاشکرا داوای سەربەستیی تەواوی خۆی بکات، بەدەر لە قاڵبدانی ئاینیی و سیاسیی و فیکریی و ناوچەیی و نەریتیی. نمونەی کەسی ئەنارکیست دژی کۆت و پێوەندو باوەڕە جیاوازەکان و ڕێگرییە دووراییدارەکانە” ژو البعد”، دوورایی کۆمەڵایەتیی و ئابوریی و سیاسییە لە پلەی یەکەمدا.. ئەنارکیستەکان لە هەموو دەسەڵاتێکی خۆسەپێنەر بێزارن و ڕەتی ئەکەنەوە، تا ئەگات بەوەی سەربەست بێت لە هەموو هەڵبژاردنێکی ژیانیی خۆیدا، لە ستایلە جیاوازەکانەوە بۆ دەربڕین و بەشداریی کردنی سەندیکایی ‌هتد…
سیڤەر باپیر لەم دەقەدا زۆر ڕاشکاوە لە دەربڕینی گۆشە نیگای خۆی، هیچ لەمپەڕێک لە نێوان بیری خۆی و جیهانی دەرەوەدا ناهێڵێت، کەسێکی خودگەراییە بە پێوەری تەواویی ئازادیی و ڕووبەڕووی تەواوی ئاستەنگەکان ئەبێتەوە.. لە دەقەکەوە بڕوانی، سیڤەر لە هەڵگیرساندنی  شٶڕشێكدایە لە خۆیدا، وەک باکۆنینیش ئەڵێ: ” شٶڕشی کۆمەڵایەتی ئەنارکیستانە، شٶڕشێکی هەڕەمەکییە، لە ڕێساکانی ڕوحی میللیەوە، شێوە باڵاکانی ژیانی کۆمەڵایەتیی دەرئەهاوێژرێ”. سیڤەر بە گژ هەموو چەشنە چەق بەستووەکانی ژیان ئەوەستێتەوەو بە ئاشکرا بێزاریی خۆی دەرئەبڕێ، ڕق لێبوونەوە لە مرۆڤەکان بە هۆی دەستتێوەردان و خۆهەڵقورتاندن لە جوڵەو بیری ئەوانی تردا، هەڵبەت ئەوەش بە هۆی پەروەردەی نێگاتیفی نەریتەوەیە:
بێزارم لە مرۆڤ
لە تانە و تەشەر
لە ئادەمیزاد
لە مێژووی بەشەر
لە ڕەنگ و دەنگ و
ڕوخسار و شێوە
بێزارم بێزار
لە ئەقڵی ئێوە
سیڤەر لە ڕێگەی ئەم دەقە کورتەوەئەیەوێ باسی ئەقڵییەتی دەستەجەمعیی میللەتێک بکات، نە خاوەنی ژێرخانێکی ئابورییەو نە هەنگاوێکی هەڵهێناوە بۆ بە پیشەسازیی بوون، نە ئەفراندنێکیشی هەیە لە بواری زانستە باڵاکاندا، میللەتێکی بەکاربەری قۆناغی دەرەبەگایەتییەو ئامرازەکانی کاری لێوەرگیراوەتەوە، لەبەرئەوە تەنها قسەی بەدەستەوە ماوە بیکات و خۆی سەرکوتکاری یەکەمینی ئازادییەکانی خۆیەتی.. بێزار بوون لە مێنتەلێتیی کۆمەڵگە بیرکردنەوەو هەنگاوی یاخییەکانە، بۆ هەڵهاتن لە بازنەیەکی داخراوی زوڵم و زۆر تیا سەپێنراودا..  کۆمەڵگەیەک نەک هەر بە دەست جەوری جیاکاریی ڕەگەزەوە ئەناڵێنێ، بەڵکو ژنەکانیشی دووچاری کوشتن ئەبنەوە لە زۆر باردا. ئەم نەریتەش بەرهەمی دەیان سەدەی پێشینە، بە واتای ئەوەی مێژوویەکی سەربەخۆیەو بە درێژایی ئەم مێژووەش، بە کۆی مرۆڤایەتی ئەم قاڵبەی تێک نەشکاندووە، لەبەرئەوە بە ڕاشکاویی گوزارشت لە بیری خۆی ئەکات و دژی مرۆڤایەتیش ئەوەستێتەوە نەک هەر کۆمەڵگەکەی.
ئەم دەقە، دەقێکی یاخیبووی ئەنارکیستانەیە، دەقێکە بۆ ئازادیی و لێگەڕان بۆ بە سەربەستیی ژیان.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com