نوچه‌نێت-عه‌ره‌ب توده‌ی
ئه‌مڕۆ شه‌ممه جارێكی دیكه باڵیۆزی سعودیه له عێراق، هێرشه راگه‌یاندنه‌كانی ده‌ستپێكرده‌وه و ئێرانی به‌وه تاوانباركرد كه راسته‌وخۆ ده‌ستێوه‌ردان له كاروباری ناوخۆیی عێراق ده‌كات و، حه‌شدی شه‌عبیش هه‌ستی تایفه‌گه‌رایی ده‌وروژێنێ و قه‌سابخانه‌یه‌كی ده‌رهه‌ق به دانیشتووانی سوننه‌ی فه‌للوجه ئه‌نجامداوه.
سامر سه‌بهان له‌باره‌ی حه‌شدی شه‌عبییه‌وه دەڵێت “به به‌رزكردنه‌وه‌ی وێنه‌ی توندڕه‌وه سعودییه‌كان له شه‌ڕه‌كانیاندا، رووی راسته‌قینه‌ی خۆیان ده‌رخست”. له چاوپێكه‌وتنه‌كه‌دا كه ماڵپه‌ڕی عه‌ره‌ب توده‌ی به‌دواداچوونی بۆ كردووه، سه‌بهان هه‌روه‌ها گوتویەتی “ئێران 13 ساڵی ته‌واوه راسته‌وخۆ ده‌ست له كاروباری عێراق وه‌رده‌دا، خه‌ریكی ته‌فره‌قه نانه‌وه و ناكۆكی درووستكردنی مه‌زهه‌بی و نه‌ته‌وه‌ییه له‌ناو عێراقدا”.
سه‌بهان حكومه‌تی عێراقیشی بەوە تاوانباركرد، کە رێگه‌ی داوه نیو ملیۆن شیعه‌ی ئێرانی و ئه‌فغانی سنووره‌كه‌ی ببه‌زێنن بێ هیچ لێپرسینه‌وه‌یه‌ك، كه‌چی له هه‌مانكاتدا چه‌ندین هاوڵاتی سعودی له زیندانه‌كانی توندكردووه و سه‌ره‌ڕای ته‌واوبوونی سزاكانیشیان، هه‌ر ئازادیان ناكات.
سه‌بهان هەروەها دەڵێت” عێراقییه‌كان متمانه‌یان به سیاسه‌توانه‌كانی به‌غدا نه‌ماوه، چونكه وایانكردووه عێراق سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هه‌میشه سه‌رچاوه‌ی خێر‌و به‌ره‌كه‌ت و به‌خشین و گه‌شه و زانست بووه كه‌چی ئێستا به دۆخێكدیه ته‌نیا دوژمنه‌كانی پێی خۆشحاڵن”.
لێدوانه نوێیه‌كانی سامر سه‌بهان، دوای ئه‌وه دێت كه رۆژی هه‌ینی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق هۆشداری توندی ئاراسته‌كرد و داوای لێ‌كرد پابه‌ندی رێسا و نه‌ریته دیپلۆماسییه‌كانی پۆسته‌كه‌ی بێت.