نوچە-میزان
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەمڕۆ هەینی،١٧ی حوزەیران لە کاردانەوەی بەرامبەر بە داواکاری دبلۆماتکارانی ئەم وڵاتە، بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە سوریا رایگەیاندووە، واشنتۆن گەڵاڵەی پەیوەندیدار بەو بابەتەوە تاوتوێ دەکات.
جۆن کێری، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت: بە رێزەوە دەڕوانینە داواکاری دبلۆماتکارانی ئەمریکا سەبارەت بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی و لەم بارەوە گەڵاڵەیەک تاوتوێ دەکەین.
جێی ئاماژەیە نزیکەی ٥٠ کەس لە دبلۆماتکارانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، بە واژۆکردنی نامەیەک وێڕای رەخنەی توندیان بۆ سەر سیاسەتەکانی واشنتۆن بەرامبەر بە سوریا، خوازیاری هێڕشی سەربازی لە دژی دەوڵەتی بەشار ئەسەد بوونە.
بە گوێرەی رۆیتەرز، ئەم نامەیە کە لە لایەن ٥١ کەس لە بەرپرسانی باڵای و میانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا واژۆ کراوە، داوا لە دەوڵەتی واشنتۆن کراوە کە لە دژی دەوڵەتی بەشار ئەسەد سەرۆککۆماری سوریا و سوپای ئەم وڵاتە، کۆمەڵێک هێرشی سەربازی ئامانجدار بەرێوە ببات تاوەکو ببێتە هۆی وەستانی شەڕی ناوخۆیی ئەم وڵاتە.