نوچە-مهر
سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپا رایگەیاندووە، لە ئەگەری دەنگدانی خەڵکی بەریتانیا بە چوونەدەرەوەی ئەم وڵاتە لە یەکێتی ئەوروپا، ئەم پرۆسەیە پێویستی بە کات هەیە.
بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵدەریی میهر، دۆناڵد تاسک ،سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپا لە وتووێژ لە گەڵ رۆژنامەی بیڵدی ئەڵمانیا، بە ئاماژەدان بە گشتپرسی چوونەدەرەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا دەڵێت: ئەگەر خەڵکی بەریتانیا سەبارەت بە مانەوەیان لە یەکێتی ئەوروپا دەنگی”نا”بدەن، بە ئەنجام گەیشتنی ئەم بابەتە پێویستی بە کات هەیە.
تاسک دەڵێت: بەریتانیا ئەگەر بڕیار بدات لە یەکێتی ئەوروپا نەمێنێ، دەبێ رێوشوێنە ئیدارییەکان و لەوانەی جیابوونەوەی لە رێکخراوەکانی ئەم یەکێتییە ببڕێت کە ئەم پرۆسەش لانی کەم دوو ساڵ دەخایێنێت.
سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپا ئەوەش دەخاتە روو، کە گفتوگۆکان لەم بارەوە گەەلێک دژوارە، چونکە دەبێ هەر کامە لە ٢٧ وڵاتی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا و هەروەها پەرلەمانی ئەوروپا سەبارەت بە ئەنجامی ئەم گشتپرسییە و بڕیاری کۆتایی چوونەدەرەوەی بەریتانیا بگەنە رێککەوتن، ئەمەش ٥ ساڵ دەخایێنێت.
گشتپرسی مانەوە یان چوونەدەرەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا، بڕیار وایە ٢٣ی حوزەیران بەڕێوەبچێت.