نوچە-شفقنا
رۆژنامەی ئەلحەیاتی چاپی لەندەن، لە ژمارەی ئەمڕۆ یەکشەممە ١٢ی حوزەیران لە بە پشت بەستن بە چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار لە تورکیا رایگەیاندووە، کە بەرپرسانی تورکیا بڕیاریان داوە، کە کۆتایی بە زیندانی تاکەکەسی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری بەندکراوی پەکەکە بێنن و بیگوازنەوە بۆ زیندانی ماڵ، چاوەڕوان دەکرێت کە ئەم کارە لە ماوەی چەند مانگی داهاتوودا بگاتە ئەنجام.
بە گوێرەی ئەم سەرچاوانە، هەنگاوەکانی ئێستای بەرپرسانی تورکیا دەکەوێتە چوارچێوەی هەوڵەکانیان، بۆ گەیشتن بە ئارامی و سەقامگیری و ئاگربەستێکی کاتی بە مەبەستی تاقیکردنەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان، سەرچاوەکان ئەوەش دەخەنە روو، کە بڕیار وایە بەم پێیە زەمینە بۆ دیدار و چاوپێکەوتن لە گەڵ سەرۆکی بەندکراوی پەکەکە و، کردنەوەی دەرگای گفتوگۆ بۆ گەیشتن بۆ ئاشتی لە گەڵ کوردەکان بڕەخسێنن.