نوچەنێت
وەزارەتی بەرگریی عێراق رایگەیاند، هێزە ئەمنییەكان زیاتر لە 450 چەكداری داعشیان دەستگیركردوون كە ویستوویانە لەگەڵ خێزانە ئاوارەكان لە شارۆچكەی فەللـوجە هەڵبێن.
نەسیر نووری، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی عێراق، رۆژی یەكشەممە 12-6-2016 رایگەیاند “هێزە ئەمنییەكانی عێراق لیستێكی تەواویان بە ناو و ژمارەی چەكدارانی داعش، لەلایەو لەو رێگەیەوە توانیویانە ئەو چەكدارانەی هەوڵیانداوە لەگەڵ خێزانە ئاوارەكان لە شارۆچكەی فەللـوجە هەڵبێن، دەستگیریان بكەن”.
نەسیر نووری پێشبینی كرد، بەپێی ئەو رێكارەی هێزە ئەمنییەكان گرتوویانەتە بەر، چەكداری داعشی زیاتریش دەستگیر بكرێن، جەختیشی لەسەر گرنگی تووندكردنی رێكارەكانی پشكنینی ناسنامەی ئاوارەكانی فەللـوجە كردەوە، بۆ رێگریكردن لە روودانی كردەوەی تووندوتیژی.
هەروەها دەڵێت” فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای ئەنبار، لێكۆڵینەوە لەگەڵ دەستگیركراوەكان دەكات و دواتریش رەوانەی دادگای تایبەتیان دەكات”.
ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی فەللوجە، لە 22ی مانگی رابردوو دەستیپێکردووە، تاوەکو ئێستا چەندین گوند و شارەدێ و ناوچە لە دەورووبەری شارۆچكەكە کۆنترۆڵکراونەتەوە، هێزی ئاسمانی هاوپەیمانانیش لەڕێی بۆردوومانکردنی بارەگاکانی داعشەوە رۆڵێکی گەورە لە ئۆپەراسیۆنەکەدا دەگێڕێت.