نوچەنێت-عەرەبیە
هاوپەیمانێتی هێزە عێراقییەكان، كە هاوپەیمانێتی سوننەكانە لەناو پەرلەمانی عێراق، دەڵێ میلیشیا شیعەكان هەستاون بە كوشتنی 600 ئاوارەی شاری فەللوجە، داوایشیان كرد ئەو میلیشیایانە لە پرۆسە سەربازییەكانی پارێزگای ئەنبار دووربخرێنەوە.
هاوپەیمانێتی سوننەكان كردەوەكانی حەشدی شەعبی، دەرهەق بە ئاوارەكانی فەللوجە بە “تاوانكارانە” ناودەبەن و داوای دوورخستنەوەیان دەكەن لە پرۆسە سەربازییەكانی ئەنبار.
بەپێی بەیاننامەیەكی ئەو هاوپەیمانێتییە، چەند كەسێك لەوانەی حەشدی شەعبی دەستگیریان كردوون وتوویانە حەشدی شەعبی 600 كەسی لە هۆزی “المحامدة” كوشتووە.
هاوپەیمانێتییەكە جەختدەكاتەوە، كە میلیشیا شیعەكان چەندین تاوانیان دەرهەق بە ئاوارە سوننەكان ئەنجامداوە لەوانە: زیندەبەچاڵكردن، ئەشكەنجەی جەستەیی، رۆشتن بەسەریاندا بە ئوتومبیل و تەنانەت بە تانك و حەیدەر عەبادی بە بەرپرس دەزانن لە پاراستنی ژیانی كەسانی سڤیل.
بەیاننامەكەی لایەنە سوننییەكانی ناو پەرلەمان داوادەكات، دەستبەجێ میلیشیا شیعەكان لە شەڕەكانی ئەنبار دووربخرێنەوە و رۆڵی زیاتر بە هۆزە سوننییەكان بدرێ، هەروەك داوای درووستكردنی دەستەیەك دەكات بۆ چاودێری ئەو تاوانانە و بە سزاگەیاندنی ئەوانەی ئەنجامیان داون.