نوچەنێت
ناوزڕاندن و بەکارهێنانی ناوی ژنان بۆ تەڵەی سیاسی، تا راددەیەک بۆتە کاری کەسانێک کە دەیانەوێت زەربەی سیاسی لەلایەنی بەرامبەر بدەن. بەبێ گوێدان بەوەی کە ئەمە هەڕەشە لەسەر ئاسایشی کۆمەڵایەتی دروست دەکات و ژن دەکات بە قوربانی. لە زۆربەی وڵاتانی دنیادا ئەوە هەیە، بەڵام بەپێی رەوش و دابونەریتی کۆمەڵگە. کاریگەرییەکەی گۆڕانکاری بەسەردادێت.
لە کوردستان، ناوە ناوە ئەم حاڵەتە دەبینرێت، چیبکرێت بۆ ئەوەی بەر بەم حاڵەتە بگیرێت؟ ئەم هەوڵە کاری کێیە؟ ئایا ئەوە نابێتە هۆی بڵاوبوونەوەی بێمتمانەیی لە کۆمەڵگەو زیاتر داخرانی؟ بۆ ئەم مەبەستە گفتوگۆمان لەگەڵ چالاکوانی بواری ژنان و کۆمەڵگەی مەدەنی، گۆنا سەعید، کردووە.
نوچەنێت: بۆچی لهشهڕی سیاسیدا پهنا بۆ بهكارهێنانی ژن دهبردرێ بۆ ناشیرینكردنی بهرانبهرهكهیان ؟ ئایا ئەوە عەقڵیەتی ئاینی؟ یان دابونەریت، کاریگەرییەکان چین؟
گۆنا سەعید: بەکارهێنانی جەستەی ژنان، یان ناوزڕاندنی ژنان بۆ ناشرین کردنی دوژمن و هێزی نەیار، لە کیشمە کێشی سیاسی و عەسکەریدا چەکێکی کاریگەری شەڕە. بە تایبەت لە نێو ئەو کۆمەڵگەیانەدا کە، لە بوارەکانی زانستی و فەرهەنگی و پێشەسازی و بەهاکانی مافەکانی مرۆڤ، پیشکەوتن و گەشەکردنێکی ئەوتۆیان بە خۆیانەوە نەدیوەو، هێشتا بەهاکانی پیاوسالاری ، خێڵەکی ، ئایین و داب ونەریتی باوی کۆن سەپێنراون و دادوەری سەرەکی هەموو جۆرە خووڕەوشت و هەڵس وکەوتێکی تاک و گروپن، بە تایبەت ژنان .
لەم کۆمەڵگەیانەدا ئەم دیاردەیە وەک بەشێک لەسەرخانی دەسەڵات بۆ کۆنترۆڵکردنی ڕای گشتی و دوورخستنەوەی کۆمەڵگە لە دەستبردن بۆ کیسە ئەسڵییەکانی خۆی و، لە ژێر ناوی ئەوەی کە ژن پارێزەری شەرەف و ناموسی گشتی یە، هاندەدریت و لە لایەن هیزە سیاسیەکانەوە پیادە دەکرێت .
لە کوردستانیش بە رابەرایەتی بزوتنەوەی ناسیۆنالیزمی کوردی و، هێزەکانی ئیسلامی سیاسی، داب و نەریتی خێڵەکی و هەژموونی ئایینی ئیسلام زاڵکراوە و، کراونەتە بنەمای یاسا و دادوەری و چاودێری کۆمەڵایەتی بۆ تەدەخول کردنی بەردەوام، لە ژیانی شەخسی و چاودێریکردنی هەمو هەڵس و کەوتێکی تاکەکان وە بە تایبەت ژنان، لەم نێوەشدا هەر بە پێی ئەم داب و نەریتە کۆنەپارێزو نێرسالارانە سپاردنی لێپرسراوەتی ” پاراستنی شەرەف” بە ژن نەک تەنها هی خۆی بەڵکو شەرەفی خێزانەکەی، کۆمەڵگەکەی، گەڕەکەکەی کە لێی دەژی ، قوتابخانە یا فەرمانگاکەی، گروپ و حیزبە سیاسیەکەی، تەنانەت هی نەتەوەکەی هەمووی خراوەتە ئەستۆی ژن .
فکر و ئایدیای ” شەرەفپارێزی” لە کۆمەڵگەی کوردستاندا، یەکەم لە بزووتنەوەی کوردایەتی و ناسیۆنالیزمەوە سەرچاوە دەگریت. دووەم لە بنەما و بەها ئاینیەکانی ئیسلامەوە ، هەردووکیان پێکەوە بارو دۆخێکی کۆمەڵایەتیان دروست کردوە، کە پیرۆزی دەدات بە ” شەرەف ” و شەرەف کەم و بێ بەها دەکاتەوە، بۆ هەڵس وکەوتی جنسی ژنان .
بنەمای تەواوی ئەم شەڕە کە لە کیشمە کێشی سیاسیدا هێزەکانی ناسیۆنالیزم و ئیسلامی کوردستان، لە بەرامبەر بە یەک دەستی بۆ دەبەن بۆ لەکەدارکردنی یەکتری، هەر ئەم نەریتە سەپێنراوەیە کە خۆیان دیزاینەر و بەخێوکەرین .
ئەم هێزە سیاسییانەی ناسیۆنالیست و ئیسلامی نێو دەسەڵات، پارە و سەرچاوەی زۆر دەخەنە خزمەتی هیشتنەوەی ئەم کاریگەرییە نەرێنیەی ئایین و داب ونەریتی خێڵەکی بەسەر ژیانی کۆمەڵگە وە، چونکە لەم ڕیگەیە تاک کۆنترٶڵکراوە و بێ ماف و دەستەمۆیە ، ئەمەش بە قازانجی مانەوەی دەسەڵات و چەواشەکارییەکانی ئەوان و تەنانەت شەڕە کانیشیان دەگەڕیتەوە.
نوچەنێت: بۆچی دهبێت تۆمهتی ئهخلاقی بە رامبەری ژنان، لە هەر رووبەرووبونەوەیەکدا بهكاربێت؟
گۆنا سەعید: لەبەر ئەوەی کۆمەڵگەیەکی نەریتی و ئەخلاقیمان هەیە و، بەردەوام چاودێری لەسەر هەڵس و کەوتی جنسی و جەستەیی ژن داناوە بە بەهانەی پاراستنی ئەو ” شەرەف ” ە گشتی یە، ێیشتر باسم کرد، بۆیە زۆر ئاسانترە کە کاتێک ژنێک لە بواری سیاسی و گشتیدا کار دەکات بۆ لەکەدار کردنی هێزێکی سیاسی نەیار ، باس لە ئەخلاقیاتی ئەو ژنە بکرێت بۆ سوک کردن و کەم کردنەوەی بەهای لایەنە سیاسیەکە لەبەردەم ڕای گشتیدا . لە جیاتی ئەوەی باس لە ئەدای ئەو هیزە سیاسیە لە مەسەلەی مافەکانی خەڵک و دابین کردنی موچە و خزمەتگوزاری و خویندنی باش و بیمە کۆمەڵایەتیەکان بکرێت، زۆر ئاسانترە کە باس لە بابەتە ئەخلاقییەکانی بکرێت، چونکە زۆربەی هێزە سیاسیەکان لەسەر چارەسەری مەسەلە بنەڕەتیەکانی ژیانی خەڵک، هیچی وایان پی نییە جیاواز بێت لەوی دی، بۆیە ناتوانن زیان زۆر بەیەک بگەیەنن بە ڕەخنە گرتن لە بوارانە.
نوچەنیت: ئایا هۆشیاركردنهوهی ژنان كه نهبنه داو بۆ شهڕه سیاسییهكان، هۆشداریدان به حزبه سیاسییهكان، ئهركی ڕێكخراوهكانی ژنان و ژنه چالاكوانهكان نییه ؟
گۆنا سەعید: بە دڵنیایی ئەرکی ڕیکخراوەکانی ژنان و کۆمەڵی مەدەنی یە کە ئەم هوشیاریە لای ژنان دروست بکەن و، چی تر نەهێڵن ببنە بارمتەی ئەم شەڕە سیاسیانە لە نێو حیزبەکاندا . هەروەها پرسیار دروست کردنە لەسەر ماهەیەتی ئەو حیزبانە و هەڵس و کەوتی خۆیان لەگەڵ ژناندا ، چونکە بە گشتی هەموو حیزبە سیاسیەکان دەستیان بردوە بۆ بەکارێنانی ژنان لەم شەڕەدا، واتە لە هەردوولای شەڕەکەدا ژن بوونەتە قوربانی ، دەبێت ئەمە پرسیاری گەورە لای هەر ژنێک لەسەر حیزبەکەی خۆشی دروست بکات تا نەبێتە بەشێک لەم شەڕە دژە ژنە .
نوچەنێت: چی بهو پیاوانە بوترێ، کە ئەو تۆمەتانە دەکاتە چەکی شەڕی روبەروبوونەوەی ژن؟
گۆنا سەعید: بە بڕوای من هۆکارێکی زۆر گەورەتر هەیە، کە وادەکات پیاو بەردەوام بتوانێت بە ئاسانی تۆمەت بۆ ژن دروست بکات و ئابڕووی بەرێت، جا وەک کەیسێکی تاک بیت یان کارێکی گروپی سیاسی ڕێکخراو بێت.
بیرمان نەچێت ئەمە ئیشی پیاو نیە بە تەنها. زۆر جار ژنیش بەشێکە لەم ئابڕووبردنەی ژن و بەکارهێنانی ، چونکە لە ئەساسەوە ئەم هەڕەشە تەواوی ئەم کۆمەڵگەیەی داگرتووە، لەسەرەوە بۆ خوارەوە .. ئەم کردەوانە بەرامبەر بە ژن لە زۆر ئاستی جیاجیادا دەکرێت، لە نێو یەک خێزاندا، لە شەڕی نیوان چەند خێزانێکدا ، لە گەڕەکدا ، لە شەڕی نێوان هێزە سیاسەییەکاندا، لە دائیرە و دام و دەزگاکانی کارکردندا و ..هتد .. بەردەوام ئەمە چەکێكی کوشندەیە پێش هەموو کەسێک دژ بە کەسایەتی ژن خۆی.
بۆیەش بە زۆری پیاو دەیکات، چونکە کۆمەڵگەی ئێمە نێرسالاری بەڕێوەی دەبات ، لە یاسا و شەریعەت و بڕیارەکاند ا بەرژەوەندی نێرینە لەبەرچاو گیراوە و، مێینە تەنها خزمەتکاریکی ئەو بەرژەوەندیانەیە . بە کورتییەکەی پیاو دەتوانێت و بۆی لواوە کە ئەو کارە بکات و بە یاسا و شەریعەت و داب و نەریتە باوەکانی کۆمەڵگە ، پشتگیری کراوە. هەرچی بە ژنیش دەگەڕێتەوە ئەوە هیچ پاراستنێک نییە بۆ مافەکانی لە یاسادا ، هیچ هوشیاریەک بە قازانجی ژنان بڵاوناکرێتەوە ، واتە مەلا و مزگەوت و میدیا و پەروەردە هەمووی لە خزمەتی ئەم بەها نێر سالاریانەدان ، دەسەڵاتێکی مەدەنی و باوەڕدار بە یەکسانی ژن و پیاو نیە تا رێگە لە نایەکسانی و ستەم و چەواسانەوەی ژنان بگرێت . بۆیە ئەمە لە کەلتورێکی دەسەڵاتی کوردی یەوە بوەتە کەلتوری کۆمەڵگە بە پیا و و ژنەوە ملکەچی بوون .
ئەو پیاوانەی کە دەست بۆ تۆمەت و لەکەدارکردنی ژن دەبەن ، پیویست ناکات هیچیان پی بوتریت ، پێویستە کردەوەکانیان شەرمەزار بکرێت.بە تاوان هەژمار بکرێت لە یاسادا وە ئەو کەسانەی کە دەیکەن سزا بدرێن ژن بن یان پیاو .
نوچەنێت: زۆر جار بۆ لێدانی پیاوێک، کار لەسەر ناو زڕاندنی ژنانی خێزانەکەی دەکرێت؟ ئەمە هۆکاری چییە؟
گۆنا سەعید: کاری ناوزڕاندن لە ئاستە جیا جیاکانی کۆمەڵگە ئەنجام دەدرێت و، هۆکاری جیا جیای هەیە. دەکرێت ململانێێ سیاسی بێت، یان شەڕ لەسەر میرات و مەسەلەی خێزانی بێت . ئەوەی کە بۆ ناوزڕاندنی پیاویش هەر پەنا دەبەن، بۆ ناوزڕاندنی ژنەکەی چونکە بە پێی ئەو داب و نەریتە زاڵەی کە پیشتر باسم کرد ” شەرەف ” ی پیاو ڕاستەوخۆ بریتیە لە هەڵس و کەوتی جنسی و جەستەیی ژنەکەی ، رۆڵی پیاو ئەوەیە کە ” پاسەوان” ی پاراستنی ئەم شەرەفە یە و بەو پێیەش پاسەوانی ئەم هەڵس و کەوتەی ژنە. ئەگەر ژن لێێ دەرچیت ، ئەوە خەتای پیاوە و پاسەوانێکی باش نەبووە ، بۆیە کاتێک ژنەکەی لەکەدار بێت، ئابڕوی بچێت، ئەوە پیاوەکەش بەرپرس دەکرێت و جێگە و پێگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە .
نوچەنیت: ئایا دروستکردنی وەها رەوشێک نابێته هۆكاری ئهوهی ژنێك ، نهتوانێ به تهلهفۆن ئینتهرنێت پهیوهندی لهگهڵ پیاوێك بگرێ، ههروا به پێچهوانهوه؟ تا چەند دەبێتە هۆی بێ متمانهیی ژن بە خۆیی و ترس لە هاتنەدەرەوە؟
گۆنا سەعید: ترس لە لەکەدار بون و ئابڕوچوون لەسەر مەسەلەی خووڕەوشت و هەڵس و کەوتی جنسی ژنان ، بە واتا کەلتورییەکەی لەکەدار بونی ” شەرەف ” کراوەتە گەورەترین خەمی ژن و پیاو لەم کۆمەڵگەیەدا ، هەربۆیەشە گەورەترین سانسۆر و چاودێری لەسەرە . ئاکامەکانی ئەمە زۆر زیانبارە لەسەر هەردوو ڕەگەزی نیر و مێ، بە تایبەت لەسەر پێگەی کۆمەڵایەتی و سیاسی ژنان لە نیو کۆمەڵگەدا .
ئەمە وای کردوە کە هەتا بێت درزی نێطوان هەردوو ڕەگەز فراوان تر بیت، زیاتر لە باری دەروونی و کۆمەڵایەتی و پیشەییەوە لە یەکتر دوورکەونەوە ، دابەش کردنی کاری سەرەکی نێوان ژن وپیاو و جیابوونەوەی بوارەکانی ژیانیان فراوانتر بۆتەوە .
ژنان خزێنراونەتە نێو چوارچیوەیەکی زۆر بەرتەسک، کە تیایدا لە کەمترین ئازادی بەهرەمەندن . پێویستە ئەوە بوترێت کە نەک تەنها هەڵس وکەوتی جنسی ژنان چاودێری دەکرێت ، بەڵکو ئەمە مەودای کێشاوەتە نێو هەموو ئازادییەکی تاکە کەسی ژن، کۆنتررۆڵکردن و سەرکوت کردنی هەموو جۆرە هەڵس و کەوتێکیان ، هەر لە جل و بەرگ لەبەر کردنەوە، پێکەنین وشێوازی گفت وگۆ کردن، قەتیس مانیان تەنها لە چوارچیوەی خێزان و نەبوونی هیج پەیوەندیەکی هاوڕیەتی سەربەخۆ و کۆمەڵایەتی لە دەرەوەی چوارچیوەی خێزان ، بێ متمانەیی لە نێوان هەردوو ڕەگەز زۆر زیادی کردوە ، زۆربەی ژنان تەنانەت ناتوانن بە راحەتی مۆبایل و ئامرازەکانی تەکنەلۆجیای تازە بەکار بێێن ، ژنان لە نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کەمترین دەنگ و ڕەنگیان هەیە چونکە ناوێرن وێنە و پرۆفایلی راستەقینەی خۆیان دانێن و زۆر بە ئاگاییەوە مامەڵە دەکەن . ئەو ژنانەی کە ئەم رێگریانە تێک دەشکێنن و پی دەخەنە دەرەوەی ئەم چوارچێوەیە بەردەوام لەبەردەم هەڕەشەی ناوزڕاندن و لەکەدارکردندان .
نوچەنێت: چی بكرێ بۆ نههێشتن و كاڵكردنهوهی ئهم دیاردهیه نادروسته ؟ کاری کێێە؟
گۆنا سەعید: ئەوەی کە دەتوانێت ئەم دیاردەیە کاڵ بکاتەوە یان نەیهێڵیت، تەنها بە دروست کردنی کەلتوورێکی پیچەوانە دێتە دی، کەلتورێک کە مرۆڤ تیایدا ڕێزی هەبێت و ژن وپیاو یەکسان سەیر بکرێن و ڕێز لە مافەکانیان بگیرێت .
ئەوەی کە کێ ئەمە دەکات ئەوا هەم لەسەر ئاستی تاکە کەس دەبێت و هەم بەشێک لەخەباتی کۆمەڵگەی مەدەنی دەبێت. ژنان دەبێت خۆیان پێشەنگی کۆتایی هێنان بن بەم کەلتوری شەرەفپاریزییە. دەبێت لە ڕیزی پێشەوەی خەباتێکی مەدەنی و ئازادیخوازیدا بن لە کۆمەڵگەدا .
لەم ڕوەوە کار کردنە لەسەر هوشیاری گشتی، بۆ گۆڕینی تەواوی ئەو کەلتورە زاڵ کراوە و لابردنی ئەم بەرپرسیارێتیەی پاراستنی شەرەف لە سەر شانی ژنان، تا چیتر بە هۆی هەڵس و کەوتی شەخسی و ئازادی تاکە کەسی خۆیانەوە نەبنە ئامرازی شەڕی پیاوان و هێزە سیاسیەکان و ..هتد.
هەروەها نەبنە قوربانی دەستی کوشتن و هەڕەشە و ناوزڕاندن و کیشمە کێسی سیاسی حیزبەکان، ئەم رەوەندە خۆی دەستی پێکردوە و بەشێکی زۆر لە خەڵکی کوردستان بە هۆی کرانەوەی کۆمەڵگەی کوردستان بە رووی دنیای دەرەوەدا و بڵاو بونەوەی هوشیارییەکی بەرفراوان لەسەر ماف و ئەرکەکانی تاک بە ژن وپیاوەوە و هوشیاری لەسەر بەهاکانی مافی مرۆڤ و یەکسانی ژن و پیاو و مافەکان بە گشتی، لە کۆمەڵگەدا مقاوەمەتێکی زۆر هەیە بەرامبەر بەم کەلتورە زاڵکراوە و ئازادیخوازان چ بە چالاکی مەدەنی، بە نوسین و کۆڕ و سیمینار، چالاکی هونەری و مۆسیقی بەسێکی زۆر لەم بەربەست و ڕێگریانەیان تێپەڕاندوە، بەڵام ئەمە هێشتا نەبوەتە کەلتوری گشتی و جەماوەری فراوانی ژنان و گەنجان لێی بی بەشن .
لایەنی دووەم خەباتی خەڵکە بۆ گۆڕینی سیستەمی دەسەڵات لە هەرێم، بە دەسەڵاتێکی مەدەنی و سێکولار کە لە پاڵ چەسپاندنی مافی هاوڵاتیبوونی یەکسان و جیاکردنەوەی دین لە دەوڵەت و بە سێکولار کردنی سیستەمی پەروەردە و خوێندن، هەروەها چەند هەنگاوی فراوانی میدیایی و بڵاو کردنەوەی وهوشیاری بنێت، بەڵام دەسەڵاتێکی لەو چەشنە تەنها بە خەباتی خەڵکی ئازادیخواز دێتە دی بۆ گۆڕێنی سیستەمی دەسەڵاتی سیاسی لە هەرێمی کوردستان، چونکە ئەم کێشەیە دابڕاو نیە لە هەموو کێشەکانی تری نێو ئەم کۆمەڵگەیەدا و پەیوەستە بە دروست کردنی گۆڕانکاری بنەڕەتی لە چەند ڕەهەندی جیاوازی سیستەمی حوکمڕانی بۆ نمونە :
- یاسا : مەسەلەی ناوزڕاندن و لەکەدار کردن لە ژیر هەربیانوویەکدا بکرێتە تاوان، بە یاسا قەدەغە بکریت و سزای توندی بۆ دانرێت .
- چاودێریی کردنی خیتابی هاندەری توند و تیژی : خیتابی دینی مەلاکان دژ بە ژنان و مەسەلەی شەرەفپاریزی و هاندانی توند تیژی دژی ژنان قەدەغە بکرێت و، ڕێگەی لێ بگیرێ ، هەر پیاوێکی ئایینی خیتابی وای دا سزا بدریت.
- پەروەردە و خویندن: یەکسانی ژن و پیاو و ڕیز گرتن لە بەها مرۆییەکان و پێگەی کۆمەڵایەتی ژنان لە خوێندن و پەروەردەدا ببێتە مەنهەج و، هەر دەرس و کتێبێک کە دژی ئەم بەهایانە بیت قەدەغە بکرێت .
- میدیا : میدیا بخرێتە گەڕ بۆ بڵاوکردنەوەی هوشیاری گشتی و یەکسانی ژن و پیاو و مافی هاووڵاتیبوون و ..هتد .
- ئابوری : باشکردنی بار و دۆخی ژیانی ژنان و دروست کردنی فرسەتی کار و خوێندنی یەکسان بۆ ژنان و دابین کردنی بیمەی کۆمەڵایەتی، بۆ ئەوانەی کاریان نییە یان خاوەنی منداڵن .
ئەمانە و دەیان هەنگاوی تر هەیە، کە دەتوانیت کەلتوری دژە ژن کۆتایی پی بێنێت و ئەم دیاردەیە لە بەکارهێنانی ژنان لە کێشمە کیشی سیاسی و لەکەدار کردن و ناوزڕاندن کۆتایی پی بێنیت .