نوچە-ئیسنا
راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی سەرۆککۆماری ئەمریکا دەڵێت، داعش رەنگە تا کۆتایی ماوەی سەرۆکایەتی ئۆباما لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان وەدەر نەنرێن.
بە گوێرەی ڤۆڕلد بوڵتەن، سۆزان رایس، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە: ناتوانم بە دڵنیاییەوە بڵێم کە ئەم کارە لە ماوەی سەرۆکایەتی ئۆباما دەگاتە ئەنجام. ناشتوانم بڵێم کە داعش لە ناوناچێت بەڵکوو پێم وایە تا کۆتایی ماوەی سەرۆکایەتی ئۆباما ئەم کارە سەر ناگرێت، واتە کۆنتڕۆڵکردنەوەی رەقە و موسڵ تا پێش کۆتایی ٢٠١٦ مومکین نییە.
ئەمە لە کاتێکداتە کە هاوپەیمانیتی نێودەوڵەتی دژی تیرۆر، کە لە ٦٠ وڵاتی جیهان پێکهاتووە وئەمریکا سەرکردایەتی دەکات. لە ناوبردنی داعشی لە سوریا و عێراق کردۆتە ئامانجی سەرەکی خۆی.
رایس ئەوەش دەخاتە روو، کە تا گەیشتن بەم ئەنجامە رێگەیەکی درێژمان لە بەردەمدایە و بە باشی توانیومانە موسڵ و رەقە گەمارۆ بدەین.
رایس لە کاردانەوەی بەرامبەر بە لێدوانێکی بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سوریا کە گوتبوی، بست بە بستی خاکی سوریا کۆنتڕۆڵ دەکەیەنەوە دەڵێت: ئەم بابەتە نامومکینە، چونکە ئەو تواناییە لە بەشار ئەسەددا نابیندرێت، مومکین نییە لەبەر ئەوەی ئەو لایەنانەی کە پاڵپشتی ئەسەد دەکەن ئامادەیی تەواویان بۆ ئەم کارە نییە.