مەلا کرێکار دادگایی دەکرێتەوە

0

نوچەنێت

دوێنی پێنجشەممە یەكەم دانیشتنی دادگاییەكی نوێی مەلا كرێكار، ئەمیری پێشووی رێكخراوی تیرۆریستی ئەنسار ئیسلام لە كوردستان، لە وڵاتی نەرویج بەڕێوەچوو. ئەویش بەهۆی سكاڵایەكی هەواڵگری ئیتاڵیا، كە لە بەشێكیدا دەڵێ مەلا كرێكار بەنیازی دامەزراندنی دەوڵەتەكی ئیسلامی بووە لە كوردستان.

خالید رەنجدەر برای مەلا كرێكار لە پۆستێكدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوكدا نووسیویەتی “دەزگای هەواڵگری ئیتاڵیا، دۆسیەیەکی بۆ چەند کوردێکی ئەوروپا کردووەتەوە، داوای لە وڵاتەکانیان کرد بیاندەن بە ئیتاڵیا بۆ لێکۆڵینەوە و دادگاییکردنیان، بەڵام تا ئێستە هیچ وڵاتێک ئامادە نەبووە ئەوانەی گرتوونی بدات بە ئیتالیا”.

هەروەها نووسیویەتی “مەلا کرێکار و دوو کەسی دیکە لە نەرویج ناویان لە دۆسییەکەی ئیتالیادا هاتووە، لەبەر ئەوەی ئیتالیا بەڵگەکانی خۆی نەنارد بۆ نەرویج، ئازاد کران. بەڵام پێیان ڕاگەیەندرابوو کە دادگا دانیشتن بۆ پرسی ڕادەستکردنیان بە ئیتاڵیا دەکات”.
ئەمڕۆ یەکەم ڕۆژی دادگاییکردنی مەلا کرێکار و کەسێکی تر لەو سێیانە بوو، کەسی سێیەم کاتی خۆی پۆلیسی نەرویج ئازادی کرد، كە هەڵگری ڕەگەزنامەی نەرویجیشە.

ئەمڕۆ پارێزەرەکەی مەلا كرێكار لە دادگا گوتبووی ئەم دۆسیەیەی ئیتاڵیا بیانوویەکە بۆ دەرکردنی کرێکار لە نەرویج.

هەروەها گوتبووی لە ساڵانێکی دوورودرێژدا دەزگای هەواڵگریی نەرویج چاودێریی کرێکاری کردووە، مەلا کرێکار کاتی ئەوەی نەبووە حیزب یان ڕێکخراو دروست بکات.

هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەگەر دەزگای هەواڵگری نەرویج، بیزانیایە کە مەلا کرێکار لە زیندانەکەیەوە لە شاری کۆنگسبێرگ، کاری بۆ دروستکردنی ڕێکخراوێکی تیرۆریستی کردووە، دەبوو خۆی بیدات بە دادگا.

گوتیشی دەزگای هەواڵگری نەرویج، ئاگاداری لێدوان و قسە و چالاکییەکانی کرێکار بووە لەسەر تۆڕی ئێنتەرنێت، ئەگەر بیزانیایە خەریکی دروستکردنی کار و چالاکی تیرۆریستییە هەر خۆی دەیدا بە دادگا، بەڵام لەبەر ئەوەی چالاکییەکانی مەترسی دروست نەکردووە پۆلیس سکاڵای لەسەر تۆمار نەکردووە و داواشی نەکردووە کە دادگایی بکرێت.

بەگوێرەی پۆستەكەی براكەی مەلا كرێكار، ئیتاڵیا لەم ماوانەی ڕابردوودا هەندێک بەڵگەی داوەتە نەرویج کە مەلا کرێکار بەم خاڵانە تۆمەتبار دەکەن:

یەکەم: کرێکار سەرکردەی حیزبی ڕەوتی شاخ و دیدی نوێیە، ئامانجی دروستکردنی دەوڵەتێکە لە باکوری عێراق کە بە شەریعەتی ئیسلامی بەڕێوەبچێ.

دووەم: بۆ ئەوەی ئامانجی خۆی بێنێتەدی، ئەندامەکانی بەشداری شەڕی سوریایان کردووە بۆ ئەوەی شارەزایی پەیدا بکەن.

سێیەم: کرێکار ئامادەیی تێدا بووە و پلانی داناوە بۆ ئەنجامدانی کاری تیرۆریستی دژ بە بەرژەوەندییەکانی ئەوروپا و رۆژئاوا.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com