نوچه – ره‌سه‌د
پێگه‌ی ” عه‌سر ئێران” ده‌ڵێت، سوپای پاسدارانی ئێران له‌سه‌ر زمانی عه‌مید عه‌لی فده‌وی، فه‌رمانده‌ی هێزه ده‌ریاییه‌كانی سوپای پاسداران ئاشكرای كردووه، كه راهێنان به هێزی جه‌نگاوه‌رانی نائێرانی ده‌كات و ئاماده‌یان ده‌كات، له یه‌كێك له دورگه‌كانی ئێران له كه‌نداوی عه‌ره‌بدا.
ماڵپه‌ڕه‌كه هه‌روه‌ها ده‌ڵێت ” دورگه‌ی فارۆ بنكه‌یه‌كی سه‌ره‌كییه كه سوپای پاسداران به‌كاری ده‌هێنێت، بۆ راهینانی چه‌كداره بیانییه‌كان له‌رووی سه‌ربازی و ئه‌منییه‌وه، هه‌روه‌ها خولی تایبه‌ت بۆ ئه‌م هێزه كراوه‌ته‌وه”.
فه‌رمانده‌ی هێزه ده‌ریاییه‌كان له سوپای پاسداران ئەوەشی راگەیاند کە، هێزه‌كانی سوپای پاسداران، ژماره‌یه‌ك پرۆسه‌ی سه‌ربازی و ئه‌منییان له ده‌ره‌وه‌ی سنوری ئێران جێبه‌جێ كردوه له رێگه‌ی ئه‌ندامه بیانییه‌كانی سوپای پاسدارانه‌وه.
حاته‌م سه‌ددام، چالاكوانی سیاسی ئه‌هوازی كه له هۆڵه‌ندا نیشته‌جێیه له لێدوانێكیدا بۆ ” عه‌ره‌بی 21″ دەڵێت” راگه‌یاندنی سوپای پاسداران سه‌باره‌ت به راهێنانی چه‌كداری عه‌ره‌ب له دورگه‌كانی نزیك ده‌وڵه‌تانی كه‌نداو شتێكی نوێ نییه، ئه‌زمونێكه نوێ نییه له ناوچه‌كه‌دا. پێشتریش ئێران راهێنانی به زۆرێك له میلیشیا شیعه‌كانی عێراق كردوه، له ناویاندا رێكخراوی به‌در له سه‌ربازگه‌كانی سوپای پاسداران له نزیك سنوره‌كانی عێراق راهێنانییان پێكراوه، هه‌روه‌ك رێكخراوی به‌در رۆڵێكی گه‌وره‌ی هه‌بوو له سیخوڕی كردن له‌سه‌ر عێراق له سه‌رده‌می رژێمی سه‌ددامدا”.
حاته‌م جه‌ختی كرده‌وه كه ئه‌وه‌ی گرنگه ئه‌وه‌یه كه جه‌نگه‌كانی سوریا و عێراق سه‌دان كه‌سی خاوه‌ن شاره‌زایی سه‌ربازی و ئه‌منی و راهێنراوی دروستكردوه، كه هه‌موویان خه‌ڵكی وڵاته عه‌ره‌بییه‌كان و ده‌وڵه‌تانی كه‌نداون، ئه‌مه‌ش وا له ئێران ده‌كات زیاتر به‌هێزبێت و زیاتر به‌جۆش بێت بۆ جێبه‌جێ كردنی پرۆژه فراوانخوازییه‌كه‌ی له‌سه‌ر حیسابی عه‌ره‌ب له ناوچه‌كه‌دا”.